بزووتنەوەی حەماس: زیانی گەورەمان لە سوپای ئیسرائیل داوە

29-10-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل دەڵێت، تانک و هێزی پیادەیان ئێستا لەنێو کەرتی غەززەدا لە ئۆپەراسیۆندان و تونێل و سەرکردەکانی حەماسیان کردووەتە ئامانج؛ لە ئاسمانیشەوە بە فڕۆکەی جەنگی پشتیوانی دەکرێن کە بە چڕی غەززە بۆردوومان دەکەن. حەماسیش دەڵێت، زیانی گەورەیان لە سوپای ئیسرائیل داوە.
 
هێرتسی هالیێڤی، سوپاسالاری ئیسرائیل رایگەیاند، "سەرکەوتن پێویستی بە سەرکێشییە، هەر سەرکەوتنێک باجی خۆی هەیە. بۆ دۆزینەوە و لەنێوبردنی دووژمن، هیچ رێگەیەکی دیکەمان لەبەردەمدا نییە جگە لەوەی بە هێزەوە بچینە نێو خاکەکەی."
 
حەماس دەڵێت، ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنە زەوینییەکانی بۆ نێو غەززە هیچی دەستناکەوێت، هەروەها باس لەوە دەکات، لە چەند رۆژی رابردوو، سەرباز و تانکی ئیسرائیلییان لەنێو غەززە خستووەتە بۆسەوە و زیانی گەورەیان لێداون.
 
غازی حەمەد، بەرپرسی حەماس رایگەیاند، "شەڕ و پێکدادانمان لەگەڵ سوپای داگیرکار هەبووە و سەرکەوتوو بووین لە بەئامانجکردن و لێدان لە سەرباز و تانکەکانی. ئەوان لەم پێکدادانەدا زیانی گەورەیان بەرکەوتووە."
 
چەکدارانی فەلەستینی بە ئاراستەکردنی مووشەک بۆ نێو قووڵایی ئیسرائیل، وەڵامی بۆردوومانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دەدەنەوە، بۆردوومانێک کە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "نایاسایی و سزادانی بەکۆمەڵی خەڵکی غەززەیە."
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش لەژێر رەخنە و گوشاری خێزانی بارمتەکانە؛ ئەوان داوای لێدەکەن پێش ئەوەی هێرشی بەرفراوانی زەوینی بۆ سەر غەززە دەستپێبکرێت، کەسوکاریان لای حەماس بگەڕێننەوە. حەماسیش دەڵێت، ئامادەیە ئازادیان بکات لە بەرامبەر ئازادکردنی هەموو دیل و گیراوانی فەلەستینی کە لە زیندانەکانی ئیسرائیلدان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە