رووداو دیجیتاڵ
دوای دوو رۆژ لە نەمانی هێڵەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێت لە کەرتی غەززە، کۆمپانیای گەیاندنی ئەو ناوچەیەی فەلەستین رایگەیاند، هێڵەکان هەنگاو بە هەنگاو بەردەست دەبنەوە.
کۆمپانیای پالتێلی تایبەت بە پەیوەندی و گەیاندن لە فەلەستین لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، هەنگاو بە هەنگاو هێڵەکانی ئینتەرنێت و پەیوەندیکردن بەردەست دەبنەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەندازیارەکانیان بێوچان کار دەکەن بۆ باشترکردنی هێڵەکان.
گەڕاندنەوەی ئینتەرنێت و هێڵی پەیوەندی دوای ئەوە دێت کە بۆ ماوەی دوو رۆژ هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیەی فەلەستین لە جیهانی دەرەوە دابڕابوون؛ تەنیا ئەو کەسانەی کە سیمکارتی نێودەوڵەتی یان مۆبایلی سەتەلایتییان هەبوو، دەیانتوانی پەیوەندی بە دەرەوە بکەن.
سەفوەت رۆژنامەڤانێکە لە کەرتی غەززە و دەڵێت، "چاکبوونەوە و بەردەستبوونەوەی هێڵی ئینتەرنێت هەناسەیەکی ئاسوودەیی بەو کەسانە بەخشی کە کەسوکاریان لە کەرتەکەن و لێیان بێ هەواڵبوون. ئەمە جگە لەوەی خەڵکی نێو کەرتەکەش دەتوانن پەیوەندی بەیەکەوە بکەن و لە دۆخی یەکدی ئاگادار بن."
رۆژی هەینی 27-10-2023 نووسینگەی راگەیاندنی کەرتی غەززە گوتی، "ئیسرائیل هێڵی ئینتەرنێت و مۆبایلی لە کەرتەکە بڕیوە."
رێکخراوی مانگی سووری فەلەستین رایگەیاند، نەمانی ئەو هێڵانە کاریگەریی هەبووە لەسەر پەیوەندییە فریاگوزارییەکان.
رۆژی شەممە 28-10-2023 ئیلۆن مەسک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ستارلینک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، پشتگیریی کۆمپانیاکەی بۆ دابینکردنی ئینتەرنێت بۆ رێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکانی کەرتی غەززە راگەیاند.
سێ هەفتەیە شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و سوپای ئیسرائیل بەردەوامە، ئەوەش دوای ئەوەی بەرەبەیانی رۆژی شەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "شمشێری ئاسنین"ی راگەیاند، بەڵام، دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و ژمارەیەک گرووپی چەکداریی دیکەش چوونە نێو شەڕەکەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ