رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
دوای بۆردوومانی ئیسرائیل بۆسەر ناوچەیەکی غەززە و وێرانکردنی باڵەخانەیەک، تیمەکانی فریاکەوتن و هاووڵاتییانی غەززە لەژێر داروپەردووی باڵەخانەیەک بەدوای قوربانیاندا دەگەڕێن. وێنە: AA
رووداو دیجیتاڵ
لە رۆژی 23یەمی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا، ئیسرائیل لە دەریا، ئاسمان و وشکانییەوە هێرشی کردە سەر چەندین ناوچە و بۆردوومانەکانی بوونە هۆی گیانلەدەستدانی چەندین کەس لە باکوور و نێوەڕاستی کەرتی غەززە.
ژمارەی ئەو فەلەستینیانەی لە 7ی تشرینی یەکەمەوە لە غەززە کوژراون 8000 کەسی تێپەڕاند، کە نزیکەی 3200 کەسیان منداڵن؛ هەروەها نزیکەی 20 هەزار کەس بریندار بوون و 1650 کەس بێسەروشوێنن، ئەوەش بەگوێرەی ئامارەکانی تەندروستیی غەززە.
هەروەها لە هێرشی 7ی تشرینی یەکەمی چەکدارانی حەماسەوە بۆ سەر ئۆردوگا جوونشینەکانی دەوروبەری غەززە، بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، لانیکەم 1400 کەس کوژراون، کە بە گوتەی ئیسرائیل، بەشی هەرە زۆریان خەڵکی سڤیل بوون.
کەتائیبی قەسام، باڵی چەکداریی حەماس دەڵێت، ئیسرائیل هەوڵی داوە بە هێرشی زەوینی پێشڕەوی بکاتە نێو غەززە، بەڵام شکستیان پێ هێناوە.
قەسام دەڵێت، ئەگەر هەموو گیراوانی فەلەستینی لەلایەن ئیسرائیلەوە ئازاد نەکرێن، بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازاد ناکات، کە بە گوتەی ئیسرائیل، ژمارەیان 229 کەسە.
لەگەڵ کەڵەکەبوونی قەیرانی مرۆیی لە غەززە، لە چەند کاژێری رابردوودا، هێڵەکانی ئینتەرنێت و تەلەفۆن لە هەندێک شوێن کەوتنەوەکار. بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش دەڵێت، جەنگەکە بە دەستپێکردنی هێرشی زەوینی چووەتە قۆناخی دووەمەوە، لە کاتێکدا کە خۆی و بەرپرسانی دیکەی ئیسرائیلی دەڵێن، گفتوگۆ بۆ ئازادکردنی دیل و بارمتەکان بەردەوامن.
"درێژ و سەخت"
نەتەنیاهوو رۆژی شەممە هۆشداریی دا کە جەنگەکە "درێژ و سەخت دەبێت." گوتیشی، هێزەکانی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنە زەوینییەکانیان لەنێو غەززە زیادکردووە بۆ "لەنێوبردنی توانا سەربازی و سەرکردایەتییەکانی حەماس و گەڕاندنەوەی بارمتەکان بۆ ماڵەوە." گوتیشی، حەماس "لەپێناو مانەوەی خۆمان، ریشەکێش دەکەین."
یواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەمان رۆژ گوتی، ئیسرائیل "لەسەر زەوی و لەژێر زەوی"یەوە هێرش دەکاتە سەر غەززە، ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ تونێلەکانی حەماس.
گالانت دەڵێت، "شەوی رابردوو زەویی غەززە هەژێندرا،" هەڕەشەیشی کرد کە ئیسرائیل "هەموو تیرۆریستێک راودەنێت." قسەکانی گاڵانت دوای ئەوە هاتن کە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێزەکانیان لەنێو سنووری باکووری غەززەدان.
سوپاکە رایگەیاندبوو، "لە ئێوارەی هەینییەوە، هێزە هاوبەشەکانی یەکەی زرێپۆش، ئەندازیاری جەنگ و هێزی پیادە لە نێو باکووری کەرتی غەززە لە سەر زەوی کاردەکەن."
حەماس ئامادەی دیلگۆڕكێیە
ئەبو عوبەیدە، گوتەبێژی حەماس رۆژی شەممە رایگەیاند، "ئەو نرخەی کە دەبێت بۆ ئازادکردنی ئەو بارمتە زۆرانەی دووژمن کە لە دەستماندان بدرێت، بریتییە لە بەتاڵکردنی زیندانەکان لە هەموو گیراوانی فەلەستینی. ئەگەر دووژمن دەیەوێت بە یەکجار ئەم دۆسیە دابخات، ئێمە ئامادەین؛ ئەگەر بیەوێت بە چەند قۆناخێک بێت، بۆ ئەوەش ئامادەین."
نەتەنیاهوو کە رووبەڕووبووی تووڕەیی و ناڕەزایی تووندی کەسوکاری بارمتەکان بووەتەوە، رۆژی شەممە لەگەڵیان کۆبووەوە.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هیچ بەڵێنێکی بۆ ئاڵۆگۆڕکردنی دیلەکان بە کەسوکارەکانیان نەدا، بەڵام گوتی، "هەموو بژاردەیەک بەکاردێنین بۆ گەڕاندنەوەیان."
شاری غەززە "گۆڕەپانی جەنگە"
سوپای ئیسرائیل چەندین نامیلکەی هۆشداری بە غەززەدا بڵاوکردەوە کە تێیدا باس لەوە دەکات، "پەناگەکانی باکووری غەززە و شاری غەززە سەلامەت نین" و پێویستە خەڵک "دەستبەجێ" بەرەو باشوور بڕۆن.
دانیێل هەگاری، گوتەبێژی هێزی بەرگریی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئیسرائیل دووبارە داوا لە خەڵکی غەززە دەکات بڕۆنە باشوور.
هەگاری گوتی، "ئەوان دەتوانن ئاو، خۆراک و دەرمان" لەوێ بەدەستبێنن و لە رۆژی یەکشەممەوە "هەوڵە مرۆییەکان بۆ گەیاندنی یارمەتی بە غەززە، بە سەرکردایەتی میسر و ئەمریکا، فراوان دەکرێن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ