ئەمینداری حیزبوڵڵای لوبنان: بەسەر دووژمندا سەرکەوتین

30-11-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان بۆ یەکەمجار لە دوای راگەیاندنی ئاگربەست قسەی کرد و گوتی، "ئێمە سەرکەوتین، چونکە نەمانهێشت دووژمن حیزبوڵڵا لەنێو ببات". هەرچەندەش ئاگربەست راگەیێندراوە، ئیسرائیل باشووری لوبنانی بۆردوومانکرد.
 
رۆژی هەینی 29-11-2024 نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنانی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا گوتی، "سەرکەوتین، چونکە نەمانهێشت دووژمن حیزبوڵڵا لەنێو ببات؛ نەمانهێشت دووژمن موقاوەمە لاواز بکات."
 
ئەمە یەکەم گوتاری نەعیم قاسم بوو، دوای ئەوەی رۆژی 27-11-2024 ئاگربەستی نێوان بزووتنەوەکە و سوپای ئیسرائیل بە نێوەندگیریی ئەمریکا دەستیپێکرد؛ بڕیاریشە 60 رۆژ بخایەنێت.
 
بەگوێرەی ئاگربەستەکە، حیزبوڵڵا پێویستە 30 کیلۆمەتر لە باشووری لوبنان و سنووری باکووری ئیسرائیل بکشێتەوە، ئیسرائیل پێویستە بۆردوومان نەکات و بکشێتەوە، هەروەها سوپای لوبنان لەگەڵ هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان دەچێتە باشووری وڵاتەکە.
 
نەعیم قاسم باسی ئەوەی کرد کە ئەو "سەرکەوتنە"ـی ئێستا بەدەستیان هێناوە "لە سەرکەوتنەکەی تەممووزی 2006 زۆر گەورەترە."
 
ئەمینداری حیزبوڵڵا گوتیشی، ئەوان کار بۆ ئەوە دەکەن کە توانای بەرگریی لوبنان بەرز بکەنەوە و گوتی، "موقاوەمە لەگەڵ سوپای هاوبەشمان ئامادەیە رێگە لە دووژمن بگرێت، ئەگەر بیەوێت سوود لە لاوازیی لوبنان وەربگرێت. هاوئاهەنگیی نێوان حیزبوڵڵا و سوپا لە ئاستێکی بەرزدا دەبێت بۆ ئەوەی پابەندییەکانی نێو ئاگربەستەکە جێبەجێ بکرێن."
 
نەعیم قاسم لەباسی جەنگی غەززەدا رایگەیاند، "پشتیوانیمان بۆ فەلەستین ناوەستێت و بە رێگەی جیاواز پشتگیرییان دەکەین."
 
ئەمینداری بزووتنەوەکە لوبنانییەکە سوپاسی عێراقی کرد و گوتی، " زۆر سوپاس بۆ جوامێریی عێراق، بۆ حکومەتەکەی و بۆ گەلەکەی کە سیمبوولی بەخشین بوون. ئێمە لێرەوە یادی شەهید مەهدی موهەندیس دەکەینەوە."
 
ئەو ئاگربەستەی راگەیێندرا کۆتایی بە جەنگێک هێنا کە لە 08-10-2023ـوە دەستی پێکردبوو، واتە رۆژێک دوای جەنگی غەززە. 
 
حیزبوڵڵا سەرەتا بە شێوەیەکی سنووردار چووە نێو جەنگەکە، بەڵام ئیسرائیل لە کۆتاییەکانی ئەیلوولی ئەم ساڵدا هێرشەکانی چڕکردنەوە و هێرشی زەوینیشی کردە سەر باشووری لوبنان. ئەوە جگە لەوەی لە هەمان مانگدا حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەکەی کوشت.
 
هەرچەندە ئاگربەست راگەیێندراوە، ئیسرائیل ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی هێرشی کردەسەر باشووری لوبنان. 
 
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "لە باشووری لوبنان جموجووڵی تیرۆریستی و گواستنەوەی مووشەکهاوێژی حیزبوڵڵامان دەستنیشانکرد. هێزەکانی ئاسمانیی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر هەڕەشەکە و پەکیان خست."
 
سوپای ئیسرائیل هەروەها بۆ سێیەم رۆژ لەسەریەک قەدەخەی هاتووچۆی شەوانەی لە باشووری لوبنان راگەیاند. سوپاکە بڵاویکردەوە، "بە هەموو جۆرێک قەدەخەیە لەنێوان کاژێر 5:00ـی ئێوارە بۆ 7:00ـی بەیانیی رۆژی دواتر، [6:00 بۆ 8:00 بەکاتی هەولێر]، هیچ هاتووچۆیەک لە باشووری رووباری لیتانی هەبێت."
 
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، لە ماوەی ئەم جەنگەدا سێ هەزار و 961 کەس لە لوبنان کوژراون و 16 هەزار و 520 کەسیش برینداربوون؛ لە ئیسرائیلیش 82 سەرباز و 47 سڤیل کوژراون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 سەربازانی ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی گۆلان. وێنە: AFP

ئیسرائیل چووەتە نێو ناوچەیەکی خاکی سووریا و UN تووڕەیە؛ ئەو ناوچەیە کوێیە؟

لەدوای کەوتنی رژێمی ئەسەد، سوپای ئیسرائیل کەوتە خۆی، جگە لە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر چەندین پێگەی سوپای سووریا، سنووری ئەو وڵاتەی بەزاند و دەستی بەسەر رووبەرێکی فراواندا گرت. ئەمەش بەرپرسانی یوئێنی تووڕە کرد، هەندێک لە وڵاتانیش داوایان کرد ئیسرائیل هێزەکانی بکشێنێتەوە.