حەماس پێش کۆبوونەوەی نەتەنیاهوو و ترەمپ چەکدانان رەتدەکاتەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بڕیارە ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و سەرۆکی ئەمریکا کۆببنەوە و یەکێک لەو پرسانەی گفتوگۆی لەبارەوە دەکەن قۆناخی دووەمی ئاگربەستی غەززە و پرسی چەکدانانی حەماسە، بەڵام چەند کاژێرێک پێش کۆبوونەوەکە بزووتنەوەکە رەتیکردەوە چەک دابنێ. 
 
رۆژی دووشەممە، 29ی کانوونی یەکەمی 2025، گوتەبێژی حەماس لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا گوتی: "گەلەکەمان بەرگری لە خۆیان دەکەن و تاوەکو ئەو کاتەی داگیرکاری بەردەوام بێت، چەکەکانیان دانانێن". 
 
ئەمڕۆ حەماس کوژرانی ئەبو عوبەیدە، گوتەبێژی پێشووی لەلایەن ئیسرائیلەوە پشتڕاستکردەوە، بەڵام ناوی گوتەبێژە نوێیەکەی ئاشکرانەکردووە. سوپای ئیسرائیل 31ی ئابی ئەم ساڵ کوشتنی عوبەیدەی لە غەززە راگەیاند. 
 
بڕیارە ئەمڕۆ کاژێر 15:30 بەکاتی فلۆریدا (23:30 بەکاتی هەولێر) نەتەنیاهوو لەگەڵ ترەمپ کۆبێتەوە. 
 
کۆبوونەوەکە بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی پلانی ئاگربەستی غەززە، چەکی دەستی حیزبوڵـڵای لوبنان و سیستمی مووشەکی ئێرانە. 
 
ئێستا گفتوگۆکانی ئیسرائیل و حەماس لەبارەی قۆناخی دووەمی ئاگربەستن. تەلئەڤیڤ داوای چەکدانانی بزووتنەوەکە دەکات. حوزەیرانی ئەم ساڵیش جەنگی ئێران و ئیسرائیل بۆ 13 رۆژ هەبوو.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە