رووداو دیجیتاڵ
بەیانیی ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی رایانگەیاند، سوپای ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانیی کردووەتە سەر هێزێکی سووریا کە پلانی هەبووە هێرش بکاتە سەر دروزەکان لە پارێزگای دیمەشق. پەیامنێری رووداو دەڵێت، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆش ئیسرائیل بۆردوومانێکی دیکەی کردووە.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیران و یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکە "ئۆپەراسیۆنێکی هۆشداری بووە،" کە لە رێگەیەوە "پەیامێکی جیدی" دراوەتە بەرپرسانی باڵای سووریا و پێی راگەیاندوون، "ئیسرائیل ئەو چاوەڕوانییەی هەیە کە سووریا هەنگاو بنێت بە مەبەستی رێگەگرتن لە زیانگەیاندن بە دروزەکان."
لە راگەیێندراوە هاوبەشەکەدا هاتووە، "پێزانینمان هەیە بۆ بەشداریی گەورەی کۆمەڵگەی دروزی لە پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل. پابەندبوونمان بۆ کۆمەڵگەی دروزی لە ئیسرائیل بەلاوە گرنگە و پاراستنی برا دروزەکانیش لە سووریا بەلامانەوە گرنگە."
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئیسرائیل رێگە نادات زیان بە کۆمەڵگەی ئیسرائیلی لە سووریا بگەیێندرێت، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی پابەندبوونی گەورەمان بە برا دروزەکانمان لە ئیسرائیل، کە پەیوەندیی خزمایەتی و مێژووییان لەگەڵ برا دروزەکانیان لە سووریا هەیە."
دڵخواز محەممەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە دیمەشق رایگەیاند، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 30ی نیسان ئیسرائیل جارێکی دیکە ناوچەیەکی شاری ئەشرەفیە سەحنایای سەر بە دیمەشقی بۆردوومان کردووە.
لە رۆژی دووشەممە 28-04-2025ـەوە پێکدادانەکان لە سنووری دیمەشق بەردەوامن، سەرچاوە خۆجێییەکانیش باس لە کوژرانی دەیان کەس لە هێزەکانی ئاسایشی گشتی و ئەو گرووپانە دەکەن، کە هێرشیان کردووەتە سەر جەرەمانا و گرووپە درووزەکانی ئەو ناوچەیە.
پێکدادانەکە دوای ئەوە دروست بوو کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تۆمارێکی دەنگیی کەسێک بڵاوکرایەوە کە بێڕێزی بەرامبەر بە پێغەمبەر ئیسلام (د. خ) دەکات و وا بڵاوکرایەوە کە کەسێکی دروز ئەو کارەی کردووە.
هەرچەندە رۆژی سێشەممە 29ی نیسانی 2025 رەبیع مونزیر، ئەندامی گرووپی هاوئاهەنگیی مەدەنی لە جەرەمانا رایگەیاند، لەدوای پێکدادانەکان رێککەوتنێک کراوە بۆ کۆتاییهێنان بەو پێکدادانانە، بەڵام ئەمڕۆ جارێکی دیکە دەستیپێکردووەتەوە و تائێستا لانیکەم 11 ئەندامی ئاسایشی سووریا کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ