وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: دەوڵەتێکی جووی ئیسرائیلی لە کەرتی رۆژئاوا دروست دەکەین

30-05-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، "دەوڵەتێکی جووی ئیسرائیلی" لە کەرتی رۆژئاوای فەلەستین دروست دەکەن، ئەوەش رۆژێک دوای ئەوە دێت کە حکومەت دروستکردنی 22 کۆمەڵگەی جوونشینی لەو ناوچەیە راگەیاند. 
 
رۆژی هەینی، 30ـی ئایاری 2025، نووسینگەی یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی دروستکردنی کۆمەڵگە جوونشینەکان لە کەرتی رۆژئاوا گوتی، "ئەمە وەڵامێکی روونە بۆ ئەو رێکخراوە تیرۆریستانەی کە هەوڵی زیانپێگەیاند و لاوازکردنی دەسەڵاتمان لەسەر ئەم خاکە دەدەن."
 
رۆژی پێنجشەممە، بێزالیل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل رایگەیاند، بڕیاریان داوە کە 22 کۆمەڵگەی نوێی نیشتەجێبوون بۆ جووەکان لە کەرتی رۆژئاوا دروست بکەن. 
 
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەروەها دەشڵێت، دروستکردنی ئەم کۆمەڵگە جوونشینانە "پەیامێکی روونە بۆ ماکرۆن [سەرۆککۆماری فەرەنسا] و هاوکارەکانی: ئەوان لەسەر کاخەز دان بە دەوڵەتی فەلەستینیدا دەنێن، بەڵام ئێمە لە واقیعدا دەوڵەتێکی جووی ئیسرائیلی دروست دەکەین."
 
ماکرۆن ئەمڕۆ لە سەردانەکەیدا لە سەنگافورە لەبارەی دۆخی غەززە قسەی کرد و داوای کرد کە وڵاتانی ئەورووپا "هەڵوێستەکانیان تووندتر بکەن"، ئەگەر ئیسرائیل رێگە نەدات دۆخی مرۆیی غەززە باشتر ببێت. 
 
هەروەها سەرۆککۆماری فەرەنسا ئاماژەی بەوەش کرد کە داننان بە دەوڵەتی فەلەستین "تەنیا ئەرکێکی ئەخلاقی نییە، بەڵام پێویستییەکی سیاسیشە."
 
کاتز لەبارەی داننان بە دەوڵەتی فەلەستین گوتی، "ئەو کاخەزە فڕێ دەدرێتە ناو زبڵدانی مێژووەوە و، دەوڵەتی ئیسرائیل گەشە دەکات و دەبووژێتەوە."
 
کاتز ئەم قسانەی لەکاتی سەردانێکیدا بۆ ناوچەی سانور لە باکووری کەرتی رۆژئاوای فەلەستین کرد. 
 
ئیسرائیل لە ساڵی 1967ـەوە دەستی بەسەر کەرتی رۆژئاوادا گرتووە.
 
ئیسرائیل پلانی هەیە بۆ پتەوکردنی دەسەڵاتی خۆی و فراوانکردنی نیشتەجێبوون لە کەرتی رۆژئاوا، وەک بەشێک لە دەوڵەتی ئیسرائیل دەیبینێت و گرنگی بە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین نادات.
 
بڕیارە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی کە ئامانج لێی زیندووکردنەوەی بیرۆکەی چارەسەری دوو دەوڵەتە بۆ ململانێی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل، لە مانگی حوزەیران لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بەڕێوەبچێت.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە