رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەمین جار دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە لە ئۆکتۆبەری 2023وە؛ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، گەڕاندنەوەی بارمتەکان لەپێش بەزاندنی حەماس کاری لەپێشینەی حکومەتەکەیەتی.
نەتەنیاهوو لە سەردانێکیدا بۆ دەزگای ئاسایشی گشتی (شاباک) لە باشووری ئیسرائیل گوتی، "ژمارەیەکی زۆر دەرفەت هەن. یەکەم و پێش هەموویان، رزگارکردنی بارمتەکانە. بێگومان پێویستە پرسی غەززەش چارەسەر بکەین و حەماس لەنێوببەین، بەڵام بڕوام وایە دەتوانین هەردوو ئامانجەکە بەدەست بهێنین."
کۆمەڵەی خێزانی بارمتەکان پێشوازییان لە "گۆڕان"ی هەڵوێستی نەتەنیاهوو کرد، ستایشی بڕیارەکەیان کرد بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکان وەک کاری لەپێشینەی حکومەت.
نەتەنیاهوو لە قسەکانیدا وشەی "رزگارکردن"ی لەبری "ئازادکردن" بەکارهێنا و خۆی لە وشەی "رێککەوتن" بەدوور گرت.
میدیای ئیسرائیلی باس لەوە دەکات، لەکاتی جەنگی ئیسرائیل و ئێران کە لە 13ی حوزەیران دەستیپێکرد و 12 رۆژ بەردەوام بوو، نەتەنیاهوو بڕوای وابوو کە حەماس هەست بە گۆشەگیربوونی زیاتر دەکات، دوای ئەوەی پشتیوانیی تاران و حیزبوڵڵای لوبنانی لەدەستدەدات و لە ئەنجامدا لە دانوستاندندا نەرمی دەنوێنێت.
قسەکانی نەتەنیاهوو رەنگدانەوەی ئەو گەشبینییەن کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی گەیشتن بە ئاگربەستی غەززە پیشانی داوە.
رۆژی یەکشەممە ترەمپ لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "رێککەوتنی غەززە واژۆ بکەن و بارمتەکان بگەڕێننەوە،" بێ ئەوەی دیاریبکات کە داواکارییەکەی بۆ حەماسە یان حکومەتەکەی نەتەنیاهوو.
سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "رێککەوتنی غەززە واژۆ بکەن و بارمتەکان بگەڕێننەوە."
ئەو پۆستە دوای ئەوە هات کە ترەمپ رۆژی هەینی گوتی، پێشبینی دەکات لە چەند رۆژێکی کەمدا جەنگی غەززە بوەستێنرێت و گوتی، "بڕوام وایە لێی نزیکبووینەتەوە و هەفتەی داهاتوو دەگەینە ئاگربەست."
بەڵام وێڕای ئەوەی ئاماژە ئاشکراکان باس لە بەرەوپێشچوون دەکەن، بەرپرسانی بەشدار لە دانوستاندنەکان بە میدیای ئیسرائیلییان گوت، هیچ پێشڤەچوونێکی گەورە لە ئارادا نییە. هێشتا حەماسیش بە فەرمی وەڵامی ئەو پلانەی نەداوەتەوە کە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا، بۆ ئاگربەستی غەززە پێشنیازی کردووە.
بەشێک لە چاودێرە سیاسییەکانی ئیسرائیل دەڵێن، قسەکانی نەتەنیاهوو تەنیا بۆ جەختکردنەوەیە لە روانگەی ترەمپ، بەڵام ئاماژە نین بۆ بەرەوپێشچوون. بەشێکی دیکەیان پێیان وایە، رەنگە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەوڵی ئامادەکردنی رای گشتیی ئیسرائیل بدات بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، لە کاتێکدا ئەمریکا گوشاری لێدەکات بۆ ئەوەی بە دانوستاندن بگاتە چارەسەر.
"بەرپرسانی باڵا" بە میدیای ئیسرائیلیان راگەیاندووە، "لەم کاتەدا هیچ بەرەوپێشچوونێکی ئەوتۆ لە ئارادا نییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ