رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی لوبنانی رایگەیاند، لوبنان داوای گەرەنتی دەکات کە هێزەکانی ئیسرائیل بە تەواوی لە خاکی لوبنان بکشێنەوە، ئەمەش لە وەڵامی داواکارییەکی ئەمریکادایە کە بەیرووت بە فەرمی پابەند بێت بە چەککردنی گرووپی چەکداریی حیزبوڵڵا.
سەرکردە لوبنانییەکان کە دوای شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە ساڵی رابردوودا دەسەڵاتیان گرتە دەست، چەندین جار بەڵێنیان داوە دەوڵەت تاکە لایەن بێت کە مافی هەڵگرتنی چەکی هەبێت، هاوکات داوایان لە ئیسرائیل کردووە پابەندی ئاگربەستی مانگی تشرینی دووەم بێت، کە کۆتایی بە شەڕەکە هێنا.
بەرپرسێکی حکومەتی لوبنان رۆژی دووشەممە 30-06-2025 رایگەیاند، لە سەردانێکی ئەم دواییەدا، تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا و باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا، داواکارییەکی پێشکێش کردووە کە بەیرووت بە فەرمی پابەند بێت بە دەستپێکردنی چەکداماڵینی ئەو گرووپەی کە ئێران پشتیوانی دەکات، وەک لە رێککەوتنی مانگی تشرینی دووەمی پاردا هاتووە، لەگەڵ کشانەوەی تەواوەتیی ئیسرائیل.
بەرپرسەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت گوتی: سەرۆککۆمار جۆزێف عەون، سەرۆکوەزیران نەواف سەلام و سەرۆکی پەرلەمان نەبی بەڕی، کە هاوپەیمانێکی سەرەکیی حیزبوڵڵایە، "ئامادەکاری بۆ وەڵامێک دەکەن".
بەرپرسەکە گوتیشی، چاوەڕوان دەکرێت باراک تاوەکو ناوەڕاستی مانگی تەممووز بگەڕێتەوە بەیرووت و سەرکردە لوبنانییەکان ببینێت، کە داوای راگرتنی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل بۆ ئاگربەست، کشانەوەی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان، ئازادکردنی زیندانییەکان (کە لە کاتی شەڕدا دەستگیرکراون) و دیاریکردنی سنوورەکان دەکەن.
بەگوێرەی بەرپرسەکە، باراک لە سەردانەکەیدا لە 19ی حوزەیران، داواشی کردووە لوبنان کار لەسەر پاراستنی سنوورەکانی لەگەڵ سووریا بکات و چاکسازییە ئابوورییەکانیش بکات، کە لایەنە قەرزدەرە نێودەوڵەتییەکان داوای دەکەن.
عەون و سەلام لە سەرەتای ئەم ساڵدا دەسەڵاتیان گرتە دەست، دوای ئەوەی هاوسەنگیی هێز بەهۆی شەڕی ئیسرائیل و حیزبوڵڵاوە گۆڕا، کە بووە هۆی لاوازبوونی بەرچاوی ئەو گرووپە چەکدارە کە ماوەیەکی درێژ بوو یاریزانێکی گرنگی گۆڕەپانی سیاسیی لوبنان بوو.
دەسەڵاتدارانی لوبنان دەڵێن، لە باشوور دەستیان بە هەڵوەشاندنەوەی ژێرخانی سەربازیی حیزبوڵڵا کردووە، لە نزیک سنووری ئیسرائیل.
ئیسرائیل سەرەڕای ئاگربەستی مانگی نۆڤەمبەر، بەردەوام بووە لە هێرشکردنە سەر لوبنان، ئەمەش بە بیانووی لێدانی ئامانجەکانی حیزبوڵڵا و تۆمەتبارکردنی بەیرووت بەوەی کە هەوڵی پێویست نادات بۆ چەککردنی گرووپەکە.
بەپێی رێککەوتنی ئاگربەست، پێویستە حیزبوڵڵا چەکدارەکانی بۆ باکووری رووباری لیتانی بکشێنێتەوە، کە نزیکەی 30 کیلۆمەتر لە سنووری ئیسرائیلەوە دوورە.
بڕیار بوو ئیسرائیلیش هێزەکانی لە هەموو لوبنان بکشێنێتەوە، بەڵام هێشتا لە پێنج خاڵی ستراتیژیدا هێشتوونییەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، رۆژی دووشەممە رایگەیاند، حکومەتەکەی "حەزی" لە دروستکردنی پەیوەندییە لەگەڵ لوبنان و سووریای دراوسێی. ئەمە لە کاتێکدایە هەردوو وڵاتەکە، دان بە ئیسرائیلدا نانێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ