لە یەک رۆژدا 19 کەس لە سووریا کوژراون

30-07-2025
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هەرچەندە لە سوەیدا و دەوروبەری شەڕ نەماوە، بەڵام ئاڵۆزی و رووبەڕووبوونەوەی کاتی بەردەوامە و رۆژانە چەکدار و خەڵکی سڤیل دەکوژرێن. سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، تەنیا لە رۆژی سێشەممەدا، 19 کەس لە سووریا کوژراون.
 
هەرچەندە شەڕ و ململانێی سەرەکی لە نێوان گرووپە چەکدارە دەشتەکییەکان و چەکدارانی دروزە، بەڵام کوشتن و رفاندن لە ناوچە جیاجیاکانی سووریا بنبڕ نەبووە و تاوەکو ئێستاش چەکداری نەناسراو کەسانی سڤیل و ئەمنی دەکەنە ئامانج.
 
کوژرانی دوو دروزی لەبەردەم دووکانەکەیان
 
بەپێی راپۆرتێکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، رۆژی سێشەممە، 29ی تەممووز، دوو گەنجی دروزی بە تەقەی راستەوخۆی چەکدارانی نەناسراو لە بەردەم دووکانەکەیان لە گەڕەکی مەساکن لە دیمەشقی پایتەخت کوژراون.
 
کەسێکیش کە تۆمەتبار بوو بە مامەڵەکردن لەگەڵ رژێمی پێشووی بەشار ئەسەد، لە شاری حەلەب بە گوللـەی چەکدارانی نەناسراو کوژرا.
 
هەر بەپێی راگەیێندراوێکی روانگەی سووری، لە دەرعا، هاوڵاتییەک بەهۆی تەقینەوەی پاشماوەیەکی تەقەمەنیی جەنگ لە دۆڵی سەحار گیانی لەدەستدا، لەکاتێکدا سەرقاڵی کۆکردنەوەی پارچە ئاسن بووە.
 
کواژراوانی دیکە بەمشێوەیە بووە:
 
- گەنجێک لە شەڕێکی عەشایەری لە گوندی "سەمومە" لە گوندەواری رۆژهەڵاتی پارێزگای رەققە کوژرا، کە لە نێوان ئەندامانی دوو عەشیرەتدا روویدا.
 
- منداڵێک بەهۆی تەقەکردن لە کاتی پێکدادان لە نێوان ئەندامانی دوو عەشیرەتی "عەلی" و "حەمدوون" لە کێڵگەی ئەندەلووس لە گوندەواری رەققە کوژرا، کە هۆکارەکەی تۆڵەسەندنەوەیەکی کۆن بوو.
 
- پێنج هاووڵاتیی خەڵکی شاری حومس کە عەلەوی بوون، لەنێویاندا باوکێک و دوو کوڕ، لە ئەنجامی ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی لە زیندانەکانی حکومەتی کاتیدا گیانیان لەدەستدا.
 
- هاوڵاتییەک لە هۆزی "حوەیوات" لە بەردەم ماڵەکەی خۆی لە شاری تەبقە کوژرا، دوای ئەوەی لەلایەن چەکدارانەوە تەقەی لێکرا، کە گومان دەکرێت وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بووبێت بۆ شەڕی رۆژی پێشتر.
 
- گەنجێکی عەلەوی، لە نزیک ناوچەی مەرەقەب لە گوندەواری تەرتووس کوژرا، کە پێش ئەوەی گولـلەیەک بنرێت بە سەریەوە، چەندین جار بە چەقۆ لێی درابوو.
 
- گەنجێک کە پاسەوانی کەنیسەیەک بوو لە گەڕەکی دویڵعە، بە هەڵە لەلایەن هاوڕێیەکییەوە کوژرا.
 
- پزیشکێکی ددان، کە گولـلەی وێڵ بەر سەری کەوتبوو، دەستبەجێ گیانی لەدەستدا. پزیشکەکە دەرچووی کۆلێژی پزیشکی ددان بوو لە دیمەشق.
 
- گەنجێک بەهۆی تەقەی راستەوخۆی چەکدارانی نەناسراوەوە لە شارۆچکەی تلعەران لە رۆژهەڵاتی حەلەب کوژرا.
 
- منداڵێکی کچ، دوای چەند رۆژێک لە برینداربوونی بە گولـلەی وێڵ لە گەڕەکی غوێران لە شاری حەسەکە، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
 
- گەنجێکی سووری هەڵگری وڵاتینامەی سویسری، بەهۆی تەقەی راستەوخۆوە لەناو ماڵەکەیدا لە شارۆچکەی "حەفیر فەوقا" لە گوندەواری دیمەشق کوژرا.
 
- منداڵێکی کچ لە شاری سەرێکانی [رۆژئاوای کوردستان] لەناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی "سوپای نیشتمانی"دا گیانی لەدەستدا، دوای ئەوەی لە کاتی ئاهەنگێکی زەماوەند دا گولـلەیەکی وێڵی بەرکەوت.
 
هێرش دەکرێتە سەر ئۆتۆمبێلەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان 
 
کاروانێکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کە هاووڵاتییانی مەدەنیی لە پارێزگای سوەیداوە بەرەو دیمەشق دەگواستەوە، لە کاتی تێپەڕبوونیدا بە پارێزگای دەرعا، رووبەڕووی زنجیرەیەک هێرش و رووداوی مەترسیدار بووەوە.
 
رامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت: هێرشەکان بە تەقەکردنی راستەوخۆ لە یەکێک لە پاسەکان و برینداربوونی کچێک بە سەختی کۆتاییهات، "ئەمەش پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتی و پاراستنی نێردە مرۆییەکانە."
 
چەکدارەکان درووشمی داعشیان پێوەبوو
 
کاروانەکە لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە گەڕەکی (قصور) لە شاری سوەیدا بەڕێکەوت، کە ئۆتۆمبێلی نەتەوە یەکگرتووەکان و مانگی سووری سووری بوون. "بەڵام کاتێک گەیشتە سنووری کارگێڕیی نێوان سوەیدا و دەرعا، ئۆتۆمبێلەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو کشانەوە و سەرنشینەکانیان بەجێهێشت تاوەکو بە پاسی مەدەنی گەشتەکەیان تەواو بکەن."
 
بەپێی روانگەی سووری، لەگەڵ چوونەناو پارێزگای دەرعا، گرژییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەیان سەند، بەجۆرێک بڵاوبوونەوەیەکی چڕی چەکدارانی عەشایەر و ئەندامانی سەر بە "ئەمنی عام" بەدیکرا، لەگەڵ چەندین ئۆتۆمبێلی جامڕەش کە درووشمی داعشیان هەڵگرتبوو و بەردەوام هەراسانکارییان بۆ کاروانەکە دروست دەکرد. لە ناوچەی ئیزرەع، چەکدارەکان هەندێک لە پاسەکانیان راگرت و چوونە سەریان، سووکایەتی و هەڕەشەیان لە سەرنشینەکان کرد، دوای ئەوەی دڵنیابوونەوە کە لوبنانین "نەک دروزی سوەیدا" رێگەیان بە هەندێکیان دا بڕۆن.
 
روانگەی سووری دەڵێت: لە دەوروبەری بازنەی فەوارە لە دەرعا، کاروانەکە بەر تەقەی راستەوخۆ کەوت، کە بووە هۆی برینداربوونی کچێک کە گولـلە بەر ملی کەوتووە. ئەمە شۆفێری پاسەکەی ناچار کرد لە ناوەڕاستی دۆخێکی پڕ لە پشێوی و ترسدا بوەستێت، لە کاتێکدا دەیان چەکدار لە شوێنەکە کۆببوونەوە. دواتر تیمەکانی مانگی سوور و کڵاوسپییەکان دەستوەردانیان کرد بۆ فریاگوزاریی بریندارەکە و گواستنەوەی سەرنشینەکان.
 
ئەم هێرشە یەک لە دوای یەکانە بوونە هۆی هەڵوەشانەوەی کاروانەکە، بەجۆرێک زۆربەی هاوڵاتییە مەدەنییەکان ناچاربوون پاسەکان جێبهێڵن و سواری ئۆتۆمبێلی دیکە بن کە بەپەلە لە رێگەی دیمەشقەوە بەرەو لوبنان دەڕۆشتن.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە