رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی کۆشکی سپی دەڵێن، سعودیە و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی ئەمریکا بەرەو دروستکردنی پەیوەندی هەنگاو دەنێن.
رۆژی هەینی، 29ـی ئەیلوولی 2023، جۆن کێربی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "هەموو لایەنەکان گفتوگۆیان لەبارەوە کردووە؛ چوارچێوەیەکی سەرەتایی گفتوگۆی لەبارەوە کراوە کە لەوانەیە بتوانین لەسەری بڕۆین".
کێربی گوتیشی، "لە هەموو رێکخستنێکی ئاڵۆزدا بەو جۆرەیە و لێرەشدا هەر بەو جۆرەیە، دەبێت هەر کەسێک شتێک بکات؛ هەروەها هەموو کەسێکیش دەبێت سازش لەسەر هەندێک شت بکات".
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز کە لە چەند سەرچاوەیەکەوە دەستی کەوتووە، سعودیە دەیەوێت لە بەرامبەر ئەو رێککەوتنەیدا لەگەڵ ئیسرائیل، ئەمریکا هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ وڵاتەکە زیاتر بکات و ئاسایشی ریاز بپارێزێت؛ هەروەها ئاماژەیان بەوەش کردووە کە سعودیە لە رێککەوتنەکەیدا سازش لەسەر مافی فەلەستینییەکان ناکات.
رۆیتەرز دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەی نێوان جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و محەممەد بن سەلمان لە تەممووزی ساڵی رابردوودا، بن سەلمان داوای لە بایدن کردووە، واشنتن لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەکدا ئاسایشی سعودیە بپارێزێت.
لە ئەگەری رێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و سعودیە بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکانیان، ناوچەکە گۆڕانکارییەکی نوێ بەخۆیدا دەبینێت و بە سەرکەوتنێکی ئیدارەی بایدن بەسەر هەژموونی چین لە ناوچەکە دادەندرێت.
لە چەند هەفتەی رابردوودا محەممە بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە و بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل چەند جارێک ئاماژەیان بەوە کرد نزیکن لەوەی بگەن بە رێککەوتن بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکانیان.
هەوڵەکان بۆ دروستکردنی پەیوەندیی نێوان سعودیە و ئیسرائیل بەشێکن لە گفتوگۆیەکی ئاڵۆز کە بەشێکی خۆی لە رێککەوتنی ئەمنیی نێوان ئەمریکا و سعودیە دەبینێتەوە.
لە ئەیلوولی 2020ـەوە و لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئەبراهامدا ئیمارات، بەحرێن، مەغریب و سوودان پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل دروستکردووە؛ جگە لەوەی پێش ئەو رێککەوتنەش ئیسرائیل پەیوەندی لەگەڵ هەریەک لە میسر و ئوردن هەبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ