رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
ئۆتۆمبێلەکانی خاچی سوور تەرمی دوو بارمتە دەگوازنەوە دوای ئەوەی لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە رادەستکران، لە دێر ئەلبەلاح لە غەززە، رۆژی پێنجشەممە 30ی ئۆکتۆبەری 2025. وێنە: مەحموود عیسا/رۆیتەرز.
رووداو دیجیتاڵ
ئیسرائیل رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی لە کەرتی غەززە، تەرمی دوو بارمتەیان لە رێکخراوی خاچی سوور وەرگرتووەتەوە، کە لەلایەن حەماسەوە وەک بەشێک لە رێککەوتنی ئاگربەست گەڕێنرابوونەوە.
پێشتر کەتیبەکانی عیزەدین قەسام، باڵی سەربازیی حەماس رایانگەیاند، نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە دوو تەرم دەگەڕێننەوە. بە هەژمارکردنی ئەم دوو تەرمە نوێیە، چەکدارەکان تاوەکو ئێستا پاشماوەی 17 لەو 28 بارمتە کوژراوەیان رادەستکردووەتەوە، کە حەماس بەپێی رێککەوتنە نێوەندگیرییەکەی ئەمریکا رازی ببوو بیانگەڕێنێتەوە.
نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند: "ئیسرائیل لە رێگەی خاچی سوورەوە تەرمی دوو بارمتەی وەرگرتووەتەوە، کە لەنێو کەرتی غەززەدا رادەستی هێزەکانی سوپای ئیسرائیل و شین بێت کراون."
راگەیێنراوەکە هەروەها دەڵێت، پاشماوەکان بۆ سەنتەرێکی دادپزیشکی دەگوازرێنەوە بۆ ناسینەوەیان.
گرژییەکانی ئاگربەست
ئیسرائیل شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە، دوای هێرشێک کە بووە هۆی کوژرانی سەربازێکی ئیسرائیلی لە باشووری کەرتی غەززە، زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی کردە سەر غەززە.
دەزگەی بەرگریی شارستانیی غەززە رایگەیاند، هێرشەکان بوونەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 100 کەس، لەنێویاندا دەیان منداڵ. ئاگربەستی غەززە رۆژی 10-10-2025 چووە واری جێبەجێکردنەوە.
دوێنێ چوارشەممە، ئیسرائیل رایگەیاند دەستی بە "جێبەجێکردنەوەی نوێی ئاگربەست" کردووەتەوەو هەریەک لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و قەتەری نێوەندگیر رایانگەیاند، چاوەڕوانن ئاگربەستەکە بەردەوام بێت.
حەماس رایگەیاند، چەکدارەکانی "هیچ پەیوەندییەکیان بە رووداوی تەقەکردنەکەی رەفەحەوە نییە" و پابەندیی خۆی بە ئاگربەستەکەوە دووپاتکردبووەوە.
رۆژی سێشەممە، حەماس رادەستکردنەوەی پاشماوەی بارمتەیەکی کوژراوی دواخست و رایگەیاندبوو، هەر "پەرەسەندنێک رێگری لە پرۆسەی گەڕان و دۆزینەوەی تەرمەکان دەکات."
بزووتنەوەکە رۆژی دووشەممە تووڕەییەکی زۆری لە ئیسرائیلدا دروستکرد، دوای ئەوەی پاشماوەی بەشێکی تەرمی بارمتەیەکی پێشتر گەڕێندراوەی رادەستکردەوە، کە ئیسرائیل بە پێشێلکردنی ئاگربەستی دانا.
دوای دەستپێکردنی ئاگربەستەکەی ئەم مانگە، گرووپەکە هەر 20 بارمتە زیندووەکەی ئازاد کرد و دەستی بە پرۆسەی گەڕاندنەوەی 28 بارمتە کوژراوەکان کرد. ئیسرائیل حەماس بە پێشێلکردنی رێککەوتنەکە تۆمەتبار دەکات، بەوەی بە خێرایی پێویست تەرمەکان ناگەڕێنێتەوە، بەڵام حەماس دەڵێت، پێویستیان بە کاتە بۆ دۆزینەوەی پاشماوەکان لەژێر داروپەردووی غەززەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ