ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس درێژکرایەوە

30-11-2023
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ
 
هەر یەکە لە ئیسرائیل و حەماس رایانگەیاند کە ئاگربەستی نێوانیان بۆ ماوەی 24 کاژێری دیکە درێژکراوەتەوە. 

ئەمە دووەم جارە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس درێژدەکرێتەوە کە ماوەی یەکەمی ئاگربەستەکە چوار رۆژ بوو. 

بەهۆی ئەو ئاگربەستەوە تاوەکو ئێستا 70 بارمتەی ئیسرائیلی ئازادکراون. هەروەها سێ هاووڵاتی کە دوو وڵاتینامەیان هەیە لەگەڵ 24 کەسی دیکەی بیانی لە دەرەوەی رێککەوتنی ئاگربەستەکە لەلایەن حەماسەوە ئازادکراون. لە بەرامبەردا 210 فەلەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل ئازادکراون.  
 
چی لەبارەی ئاگربەستەکەی غەززە دەزانین؟

رۆژنامەی هایۆم ی ئیسرائیلی لە زاری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانەوە دەڵێت، ئاگربەستەکە دوای ئەوە درێژکرایەوە کە حەماس لیستێکی نوێی لە ناوی ئەو ژن و منداڵانە دایە ئیسرائیل کە ئازادیان دەکات. 

بەپێی رۆژنامەکە، کابینەکەی ناتەنیاهوو بە تێکڕای دەنگ شەوی چوارشەممە بڕیاریانداوە ئەگەر حەماس لیستێکی نوێیان پێ نەدات، ئەوا یەکسەر دوای ئاگربەستەکە شەڕ دەستپێدەکەنەوە. 

ئاگربەستەکە بە نێوەندگیریی قەتەر و هاوکاریی میسر و ئەمریکا لە هەفتەی رابردوو بڕیاری لەسەردرا و هەینیی رابردوو جێبەجێ کرا. 

بەهۆی ئاگربەستەکەوە، سەدان بارهەڵگر لە هاوکاریی مرۆیی، تەندروستی و سووتەمەنی رێگەیان پێدراوە بچنە نێو غەززە. هاوکات بەشێک لە ئاوارەکان لە باشووری غەززە گەڕاونەتەوە نێو ماڵەکانیان. 

لە 7ـی ئۆکتۆبەر حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند و هێرشی کردە سەر ئۆردوگا جوونشینەکانی نزیک کەرتی غەززە؛ لەبەرامبەریشدا ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی "شمشێری ئاسنین"ـی دژی بزووتنەوەی حەماس و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی کەرتی غەززە راگەیاند و لە ئاسمان و زەوییەوە هێرشی کردە سەر کەرتەکە.

بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی تەندروستیی غەززە، نزیکەی 15 هەزار کەس لە غەززە کە زۆربەیان هاووڵاتی سڤیلن بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون و لە ئیسرائیلیش زیاتر لە هەزار و 200 کەس کوژراون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە