رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی ئیسرائیل رایگەیاند، لە هێرشێکی "تیرۆریستیدا" تەقە لە چەند کەسێکی سڤیل کرا، سێ کەس کوژران و 6 کەسیش بریندار بوون. پۆلیس دەڵێت، دوو گومانلێکراوی هێرشەکە کوژراون. وەزیری ئاسایشی ئیسرائیلیش داوا دەکات "ئیسرائیلییەکان چەک هەڵبگرن".
رۆژی پێنجشەممە 30-11-2023، پۆلیسی ئیسرائیل رایگەیاند، "لە هێرشێکی تیرۆریستیدا لە رۆژئاوای ئۆرشەلیم، تەقە لە چەند کەسێک کرا، کە چاوەڕێی پاس بوون، لەئەنجامدا سێ کەس کوژران و 6 کەس برینداربوون، برینی 3 کەسیان سەختە."
بەگوێرەی پۆلیس، "دوو گومانلێکراو لەلایەن پۆلیسەوە کوژران. پێشتر ئەو دوو کەسە لەلایەن ئیسرائیلەوە زیندانیی کرابوون."
سەرچاوەیەکی میدیای ئیسرائیلی رایگەیاند، "دوو هێرشکارەکە بران و خەڵکی ئۆرشەلیمن."
هێرشەکە لەسەر شەقامی وەیزتمان بووە. برینی یەکێک لە بریندارەکان مامناوەندە و 2 کەسیش بە سووکی بریندار بوون. بریندارەکان لەلایەن تیمەکانی فریاکەوتنەوە گەیێندراونەتە نەخۆشخانە.
وەزیری ئاسایشی نیشتیمانیی ئیسرائیل رایگەیاند، "پێدەچێت ئەوانەی هێرشیانکردووە سەر بە حەماس بن. داوا دەکەم ئیسرائیلییەکان چەک هەڵبگرن."
وەزیرە ئیسرائیلییەکە هەروەها گوتی، "حەماس بە دوو زمانی جیاواز قسەمان لەگەڵ دەکات، ئەوە قبوڵکراو نییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ