رووداو دیجیتاڵ
لەکاتی وەستان بۆ کڕینی نان لە دێر بەلەحی غەززە، دوو کچ و ژنێک کەوتنە ژێرپێ و گیانیان لەدەستدا.
رۆژی هەینی 29-11-2024 نەخۆشخانەی ئەقسا لە ناوچەی دێر بەلەحی نێوەڕاستی غەززە بڵاویکردەوە، "ژنێک و دوو کچ کە یەکێکیان تەمەنی 13 ساڵە، لە بەردەم نانەواخانەیەک و لە هەوڵی وەرگرتنی نانێک، کەوتنە ژێر پێ و گیانیان لەدەستدا."
شایەتحاڵێکی رووداوەکە بە فرانس پرێسی گوت، "شوێنەکە زۆر قەرەباڵخ بوو، خەڵک پاڵیان بە یەکدییەوە دەنا، لەپڕ بووە هاوارکردن و چەند کەسێک کەوتنە ژێرپێ و بەهۆی قەرەباڵخییەکەوە گیانیان لەدەستدا."
ژنەکە تەمەنی 50 ساڵە و کچەکەی دیکە تەمەنی 17 ساڵە. رووداوەکەش لە بەردەم نانەواخانەی (بەننا) بووە لە دێربەلەح.
ئوسامە لوبان باوکی ئەو کچە بچووکەیە کە گیانی لەدەستداوە و گوتی: "نازانم چی روویدا. لەگەڵ کچەکەم چوومە بازاڕ. ئەو چوو نانێک بکڕێت، توانی نانەکە بکڕێت، بەڵام کەوتە ژێر پێی ژنەکان و جەستەی بێ گیانیان بۆ هێنامەوە."
جەمیل فەیاز، برای ژنەکەیە و دەڵێت، "خوشکەکەم بەیانی زوو دەرچوو بۆ ئەوەی نان بۆ منداڵەکانی بهێنێت. خوشکەکەم خێزانێکی 10 کەسی بەڕێوەدەبرد. ئەو مەینەتییەی خوشکەکەم پێیدا تێپەڕی، مەینەتیی هەموو فەلەستینییەکە. بۆ دەستخستنی چەند نانێک پێویستە هەشت بۆ دە کاژێر چاوەڕێ بکەیت."
بەرنامەی خۆراکی جیهانی کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە دەڵێت، بەهۆی نەبوونی کەرەستەی پێویستەوە "هەموو نانەواخانەکانی غەززە" ناچار بوون رۆژی 27-11-2024 دووکانەکانیان دابخەن. ئاژانسەکە هۆشداریدا "لە غەززە قاتوقڕی دەستی پێکردووە."
لەو کاتەوەی لە ئۆکتۆبەری 2023 جەنگی غەززە دەستی پێکردووە، نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام داوای لە ئیسرائیل کردووە رێگە بە ناردنە ژوورەوەی هاوکارییەکان بدات.
ئاژانسی ئۆچای سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "لە پێنج مانگی رابردوودا دوو لەسەر سێی منداڵانی غەززە تووشی بەدخۆراکی بوون
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ