رووداو دیجیتاڵ
دوای رووداوەکانی سنوووری سعودیە و یەمەن، ئەنجوومەنی وەزیرانی سعودیە بە تووندی هۆشداری دا و گوتی: "دوودڵ نابین لە وەڵامدانەوەی هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشمان"؛ جەختیش لە دەرکردنی هێزەکانی ئیمارات لە یەمەن لە 24 کاژێردا دەکاتەوە.
رۆژی سێشەممە، 30-12-2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی سعودیە لەبارەی پێشهاتەکانی یەمەن راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "سعودیە دوودڵ نابێت لە گرتنەبەری هەنگاو و رێکاری پێویست بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر دەستدرێژی و هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی."
ئەنجوومەنی وەزیرانی سعودیە ستایشی رۆڵی هاوپەیمانیی عەرەبی کرد لە پاراستنی هاووڵاتییان لە پارێزگەکانی حەزرەمەوت و مەهرەی یەمەن "کە لەسەر داوای سەرۆکی یەمەن بۆ رێگری لە فراوانبوونی بازنەی ململانێکان" کاریان کردووە.
یەمەن بووەتە گۆڕەپانی دیمەنێکی دەگمەن. هاوپەیمانە دێرینەکان (سعودیە و ئیمارات) کە ساڵانێک بوو شانبەشانی یەکدی دژی حووسییەکان وەستابوونەوە، ئێستا لوولەی تفەنگەکانیان ئاڕاستەی یەکدی کردووە. لە 24 کاژێری رابردوودا، ململانێکان گەیشتنە لووتکە و ریاز هێرشی ئاسمانی کردە سەر کەشتییەکانی ئیمارات. یەمەن پەیماننامەی بەرگری لەگەڵ ئەبوزەبی هەڵوەشاندەوە و ئیماراتیش بڕیاری کشانەوەی یەکجارەکی دا.
چی روویدا؟ پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە و "15 خولەک مۆڵەت"
بەرەبەیانیی رۆژی سێشەممە (30-12-2025) دوو کەشتی کە لە بەندەری (فوجەیرە)ـی ئیماراتەوە چوونە بەندەری (موکەلا) لە پارێزگەی حەزرەمەوتی یەمەن و سەرقاڵی داگرتنی دەیان ئۆتۆمبێلی سەربازی و کەرەستە بوون.
هەرزوو هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعودیە بەفەرمی هۆشداریدا کە دەبێت خەڵکی سڤیل بەپەلە بەندەرەکە چۆڵ بکەن.
بەرپرسێکی بەندەرەکە رایگەیاند: "کاژێر 04:00ـی بەرەبەیان پەیوەندییان پێوە کردین و گوتیان تەنیا 15 خولەکتان لەبەردەستە بۆ چۆڵکردنی بەندەرەکە."
دوای کەمتر لە نیو کاژێر، فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان (سعودیە) ئاسمانی ناوچەکەیان تەنی و مووشەکبارانی بارەکانی نێو بەندەرەکەیان کرد. عەبدوڵڵا بوزەهیر، شایەتحاڵێک کە ماڵەکەی دەڕوانێتە سەر بەندەرەکە گوتی: "ژن و منداڵ لە ترسدا دەیانقیژاند، پەنجەرەی ماڵەکانمان وردوخاش بوون. ئەوەی روویدا کارەسات بوو."
دیمەنەکان کە دواتر بڵاوبوونەوە، دەیان ئۆتۆمبێلی سەربازییان نیشان دا کە گڕیانگرتبوو و دووکەڵیان لێ بەرز دەبووەوە.
ریاز: "سیستمی چاودێرییان کوژاندبووەوە"
راستەوخۆ دوای هێرشەکە، عەمید تورکی مالیکی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی عەرەبی، ئیماراتی تۆمەتبار کرد بەوەی "کەشتییەکان بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت لە فەرماندەیی هاوپەیمانان چوونە سنوورە ئاوییەکانی یەمەن. تیمی کەشتییەکان سیستمی چاودێریـی کەشتییەکانیان کوژاندبووەوە بۆ ئەوەی جووڵەکانیان ئاشکرا نەبێ. بارەکان چەک و ئۆتۆمبێلی سەربازی بوون بۆ هێزەکانی ئەنجوومەنی راگوزەری باشوور (STC)."
سعودیە گوتی، ئەو هێزانە هەڕەشە لە سەقامگیریی ناوچەکە دەکەن و ئەوانیش "ئۆپەراسیۆنێکی سنووردار"ـیان بۆ تێکشکاندنی چەکەکان کرد.
"هەنگاوەکانی ئیمارات هەڕەشەن بۆسەر ئاسایشی نەتەوەییمان"
لەکاتێکدا دووکەڵ لە بەندەری موکەلا بەرز دەبووەوە، ریاز زمانێکی دیپلۆماسیی تووندی بەکارهێنا کە لە مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئیمارات وێنەی نەبووە. وەزارەتی دەرەوەی سعودیە رایگەیاند: "هەنگاوەکانی ئیمارات زۆر مەترسیدارن و هەڕەشەن."
سعودیە گوتی، جووڵەی هێزەکانی نزیک لە ئیمارات لەسەر سنووری باشووری شانشینەکە "هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی سعودیە" و هۆشداریدا کە "هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشمان هێڵی سوورە و دوودڵ نابین لە گرتنەبەری هەر رێکارێک بۆ لەناوبردنی."
وەڵامی یەمەن: باری نائاسایی و دەرکردنی ئیمارات
لەژێر کاریگەریی ئەم رووداوانەدا، رەشاد عەلیمی، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەمەن (حکومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتی و نزیک لە ریاز)، کۆمەڵێک بڕیاری خێرای دەرکرد:
• باری نائاسایی: راگەیاندنی باری نائاسایی لە وڵاتەکە بۆ 90 رۆژ.
• گەمارۆی گشتی: سەپاندنی گەمارۆی ئاسمانی، دەریایی و وشکانی بۆ 72 کاژێر.
• هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانێتی: هەڵوەشاندنەوەی "پەیماننامەی بەرگریی هاوبەش" لەگەڵ ئیمارات.
• وادەی کۆتایی: پێدانی مۆڵەتی 24 کاژێر بە ئیمارات بۆ ئەوەی تەواوی هێز و تیمەکانی لە خاکی یەمەن بکشێنێتەوە.
ئەم بڕیارانە حکومەتی یەمەنی خستە بەردەم ترازان، چونکە ئەندامانی (STC) کە بەشێکن لە هەمان حکومەت، رەتیانکردەوە پابەندی بن و بڕیارەکانی عەلیمیان بە "تاکڕۆیانە" ناوبرد.
پاشەکشەی ئەبوزەبی و کۆتایی ئەرک
ئیمارات سەرەتا هەموو تۆمەتەکانی رەتکردەوە. عەفرا هاملی، گوتەبێژی حکومەتی ئیمارات رایگەیاند، ئەو ئۆتۆمبێلانە سەر بە هێزەکانی خۆیان بوون و هیچ چەکێکیان بۆ لایەنێکی یەمەنی نەناردووە؛ هەروەها جەختی کردەوە کە چوونی کەشتییەکان "بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سعودیە بووە".
بەڵام ئێوارەی سێشەممە، وەزارەتی بەرگریی ئیمارات راگەیێندراوێکی کورتی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەهۆی دۆخەکەوە بڕیاریانداوە "کۆتایی بە ئەرکی ئەو تیمانەی دژەتیرۆر بێنن کە لە یەمەن دەمانەوە." ئەبوزەبی دەڵێ، بڕیارەکە "بە ویستی خۆمان و بۆ پاراستنی سەلامەتیی تیمەکانمان بووە."
بۆچی حەزرەمەوت گرنگە؟
خاڵی گرنگی ئەم ململانێ نوێیە، کۆنترۆڵکردنی پارێزگەی (حەزرەمەوت)ـە. لەم مانگەدا هێزەکانی STC هێرشێکی خێرایان کرد و دەستیان بەسەر ئەم پارێزگەیەدا گرت.
شڕۆڤەکاران ئاماژە بە چەند هۆکارێک دەکەن کە وایکردووە سعودیە بە هەموو هێزییەوە دژی ئەم جووڵەیە بوەستێتەوە:
1. جوگرافیا: حەزرەمەوت گەورەترین پارێزگەیە (سێیەکی خاکی یەمەن) و تاکە دەروازەی باشووری سعودیەیە.
2. ئابووری: زۆربەی یەدەگی نەوت و گازی یەمەن لەم ناوچەیە.
3. ستراتیژی: فارع موسلیمی، توێژەر لە پەیمانگەی چاتام هاوس دەڵێت: "ئەگەر من سعودیە بم، شەو خەو لە چاوم ناکەوێت ئەگەر حەزرەمەوت لەدەست بدەم." سعودیە نایەوێ هێزێکی دڵسۆز بۆ وڵاتێکی دیکە (ئیمارات) کۆنترۆڵی سنووری باشووری بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ