نەتەنیاهوو: رووخاندنی رژێمی ئێران ئامانجی جەنگەکە نییە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، لە جەنگی ئێستا لە دژی ئێران نیوەی زیاتری ئامانجەکانی پێکاوە، بەڵام هیچ کاتێکی دیاریکراوی بۆ کۆتاییهاتنی ململانێ چەکدارییەکان دەستنیشان نەکرد. دەشڵێت، رووخاندنی "رژێمی" ئێران ئامانجی جەنگەکە نییە.
 
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئەمریکا بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، "بە دڵنیاییەوە ئێمە نیوەی رێگەکەمان تێپەڕاندووە، بەڵام نامەوێت خشتەیەکی کاتی بۆ کۆتاییهاتنی جەنگ دابنێم." سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل روونی کردەوە، مەبەستی لە تێپەڕاندنی نیوەی رێگە، "بەدیهێنانی ئەرکە دیاریکراوەکانە، نەک تێپەڕبوونی کات."
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە لە 28ی شوباتەوە پێکەوە لەگەڵ ئیسرائیل جەنگیان دژی ئێران دەستپێکردووە، پێشتر گوتبووی ئۆپەراسیۆنەکە چوار بۆ شەش هەفتە دەخایەنێت. مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی دووشەممە رایگەیاند، جەنگ تەنیا بۆ "چەند هەفتەیەک"ی دیکە بەردەوام دەبێت نەک چەند مانگێک. ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان، گوشار و ناڕەزایەتیی جەماوەری لە ئەمریکا بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت زیادی کردووە.
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد، یەکێک لە دەستکەوتەکانی جەنگ تاوەکو ئێستا کوژرانی "هەزاران" ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێران بووە. نەتەنیاهوو گوتی، "ئێمە و ویلایەتە یەکگرتووەکان لە لێواری لەناوبردنی تەواوەتیی پیشەسازیی چەکی ئەوانداین؛ هەموو بنکە پیشەسازییەکان، کارگەکان و بەرنامە ئەتۆمییەکە تەخت دەکەین."
 
سەرەڕای ئەوەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) پشتگیری لەو بانگەشانە ناکات، بەڵام نەتەنیاهوو و ترەمپ جارێکی دیکە جەختیان کردەوە، ئێران لەبەردەم بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیدا بووە و ئەوان رێگرییان لێ کردووە.
 
نەتەنیاهوو گەشبینیی خۆی نیشاندا، رژێمی کۆماری ئیسلامی لە داهاتوودا "دەڕووخێت." سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، "پێم وایە ئەم رژێمە لە ناوخۆوە هەڵدەوەشێتەوە. بەڵام لە ئێستادا ئەوەی ئێمە دەیکەین، لاوازکردنی توانای سەربازی، مووشەکی، ئەتۆمی و لاوازکردنیانە لە ناوخۆوە." سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دووپاتی کردەوە، هەرچەندە داڕمانی "رژێم" ئامانجی جەنگ نییە، بەڵام لێکەوتەیەکی چاوەڕوانکراوی ئەو گوشارە سەربازییانەیە.
 
ئەم گرژییانە لە کاتێکدا دێن کە جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست چووەتە دووەم مانگی خۆیەوە و کاریگەرییە ئابوورییەکانی، بەتایبەتی لە کەرتی وزەدا، جیهانی خستووەتە دۆخێکی نائارامەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە