ریکۆردی رۆیشتن بەسەر پەتی هەڵواسراودا لە قەتەر شکێنرا

31-07-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
یان رووز، سێجار ناسناوی پاڵەوانی جیهانی لە رۆیشتن بەسەر پەتدا بەدەستهێناوە
یان رووز، سێجار ناسناوی پاڵەوانی جیهانی لە رۆیشتن بەسەر پەتدا بەدەستهێناوە
نیشانەکردن سەرکێشی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رۆیشتن بەسەر پەتێکی باریک لە بەرزایی سەدان مەتردا ئاسان نییە و تەنیا ئەوانەی حەزیان لە سەرکێشییە دەتوانن بیکەن، یەکێک لەو کەسانەش ریکۆردێکی نوێی لەمکارەدا تۆمارکرد.
 
یان رووز، سەرکێشێکی خەڵکی ئیستۆنیایە و لە قەتەر ریکۆردێکی نوێی رۆیشتن بەسەر پەتی هەڵواسراودا تۆمارکرد، دەڵێ رۆیشتن بەسەر پەت وەک لێخوڕینی پاسکیلە، "هەندێک خێراییت هەبێت، سەردەکەویت."
 
رووز کە سێجار ناسناوی پاڵەوانی جیهانی لە رۆیشتن بەسەر پەتدا بەدەستهێناوە، ئەمجارە لە بەرزایی 185 مەتر، بەسەر پەتێکدا رۆیشت کە پانییەکەی تەنیا 2.5 سەنتیمەتر بوو، بێ ئەوەی بکەوێتە خوارەوە. 
 
درێژیی پەتەکە کە بە گڵۆپی LED رووناککرابووەوە، 150 مەتر بوو و لەنێوان دوو تاوەرە بەناوبانگەکەی کانتارا لە شاری لوسەیل هەڵواسرابوو.  
 
بەم سەرکێشییە یان رووز دوو ریکۆردی تۆمار کرد: ریکۆردی رۆیشتن بەسەر درێژترین پەتی هەڵواسراو، هەروەها ریکۆردیش لە بەرزایی ئەو پەتەی بەسەریدا رێیدەکرد.
 
یان رووز، خاوەنی ریکۆردی جیهانیی رۆیشتن بەسەر درێژترین پەتی هەڵواسراو سەبارەت بەوەی چۆن توانی ئەو کارە بکات، دەڵێ "سەرنجم خستبووە سەر زۆر شت؛ لەسەر هەنگاوەکانم، گەیشتن بە کۆتایی، با، تێکچوونی بینین. لە هەندێ ساتی ناخۆشیشدا کە با دەهات، بۆ چەند چرکەیەک بە ئەسپایی دەڕۆشتم، بەڵام بۆ ماوەیەکی زۆر نا، چونکە گرنگە لە جووڵە بەردەوام بیت. وەکو پاسکیل وایە، هەندێک خێراییت هەبێت، سەردەکەویت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە