رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران، بۆ سەردانێکی دوو رۆژە لە دیمەشقە. حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبووەوە، سەردانەکەی تەنیا دوو رۆژ دوای بۆردوومانی فڕۆکەخانەی حەلەب لەلایەن ئیسرائیلەوە بوو، کە گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەکەی پەکخست. ئەو لە سووریا هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی کرد.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "سەرەتا دەمەوێت سەرکۆنەی هێرشە دڕندانەکانی رژێمی ساختەی ئیسرائیل بۆ سەر فڕۆکەخانەی حەلەب و ناوچە مەدەنییەکانی دیکەی سووریا، بە تووندی بکەم. پێداگری دەکەم لە ناوچەکەدا هیچ کردەوەیەکی دەستدرێژیکارانە و تاوانەکانی رژێمی زایۆنی لەلایەن ناوچەوە بێ وەڵام نەبووە و ناشبێت."
لە ساڵانی رابردوودا دەیان جار ناوەندە سەربازییەکانی ئێران یان نزیک لە ئێران لە سووریا کراونەتە ئامانج، کە دەگوترێت کاری ئیسرائیل بوون. لەدوای شەڕی ناوخۆی سووریاوە، ئێران پشتگیریی لە حکومەتی بەشار ئەسەد کردووە. حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان دووپاتی کردەوە، ئەمریکا دەبێت سووریا بەجێبهێڵێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "ئامۆژگاریی بەرپرسانی ئەمریکا دەکەم ئەم ناوچەیە بە خەڵکی ناوچەکە بسپێرن، ئامۆژگاریی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا دەکەم بگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە."
ئەوە لە کاتێکدایە کە یەک لەسەر سێی خاکی سووریا لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات، کە ئەمریکا پاڵپشتییان دەکات بەڕێودەبرێت. ئەمریکا کاریگەریی لەسەر دەروازەی ئەبوکەمال هەیە، کە بۆ گواستنەوە و هاتووچۆی هێزەکانی ئێران لە عێراقەوە بۆ سووریا گرنگیی زۆری هەیە. دوو وەزیری دەرەوە کاردانەوەیان بە ئەگەری داخستنی ئەبوکەمال هەبوو.
فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سووریا رایگەیاند، "هەموو سیاسەتەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی تێکدەچن، ئەگەر ئەو کارانە بکەن، کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا رێگەپێدراو نین، چونکە ئەخلاقی نین و بەپێی یاسای نێودەوڵەتیش نین."
حوسین ئەمیر عەبدوڵاهیان رایگەیاند، "هیچ لایەنێک ناتوانێت رێگە مێژووییەکانی پەیوەندیی ناوچە دابخات."
کۆبوونەوەی ئەو دوو وەزیرە، هاوکاتە لەگەڵ رەوتی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی عەرەب، بەتایبەت پەیوەندییەکانی ئێران و سعودیە، بۆئەوەی تاران نیشانی بدات، پشتی حکومەتی بەشار ئەسەد بەرنادات.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریاش کۆبووەوە و بانگهێشتی کرد سەردانی تاران بکات. وەزیری دەرەوەی ئێران بە ئەسەدی گوت، "کۆماری ئیسلامی لە بارودۆخی نوێشدا پشتیوانی لە بەشار ئەسەد دەکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ