رووداو دیجیتاڵ
تەیسیر سلێمان، سەرکردە لە بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی و یەکێک لە دامەزرێنەرانی کەتیبەکانی عیزەدین قەسام رایگەیاند، تاوەکو ئێستا بە فەرمی بزووتنەوەکەی، کوژرانی گوتەبێژەکەی پشتڕاست نەکردووەتەوە و ئەوەی لەلایەن ئیسرائیلەوە بڵاودەکرێتەوە بۆ رووخاندنی ورەی چەکدارەکانیانە. دەشڵێت: "بۆ پرسی ئاگربەست تاوەکو ئێستا ئیسرائیل وەڵامی دەستپێشخەرییەکەی نەداوەتەوە".
تەیسیر سلێمان، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 16:00 کە زانا کایانی پێشکێشی کرد، لەبارەی دەنگۆی کوژرانی ئەبوعوبەیدە، گوتەبێژی کەتیبەکانی عیزەدین قەسام گوتی: "بزووتنەوەی حەماس راگەیێنراوی دەرکردووە و باسی کردووە، کە هەر پرسێک پەیوەندیدار بێت بە شەهیدبوونی هەر سەرکردەیەک لە رێگەی راگەیێنراوێکی کەتیبەکانی عیزەدین قەسامەوە دەبێت، لەسەر ئەو بنەمایەش ئەوانەی لەلایەن داگیرکاری ئیسرائیل بڵاودەکرێنەوە بۆ ئەوەی ورەی چەکدارەکانمان لە مەیدانی شەڕ بڕووخێنێت".
تەیسیر سلێمان رایگەیاند، هەمیشە کەتیبەکانی عیزەدین قەسام بۆ "شەهیدبوونی" هەر سەرکردەیەک راگەیێنراوی هەیە و وەک پێشتر بۆ سەرکردەکانی دیکەی هەیبووە. گوتی: "ئەگەر کەتیبەکانی عیزەدین قەسام ئەوەی یەکلایی نەکردبێتەوە، وای دادەنێین کە هەواڵی شەهیدبوون یان رەتکردنەوە نییە".
ئەمڕۆ یەکشەممە 31ـی ئابی 2025، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەئامانجگرتنی ئەبوعوبەیدە، گوتەبێژی کەتائیبی عیزەدین قەسام، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماسی لە غەززە راگەیاند و دواتر یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە ئێکس ئاماژەی بەوەدا کە "ئەبو عوبەیدە کوژراوە".
ئەو بەرپرسەی بزووتنەوەی حەماس گوتی: "ئێمە زۆر راشکاوین، بڕوامان بەوە نییە کە سەرۆکوەزیرانی داگیرکاری ئیسرائیل یان وەزیری بەرگرییەکەی بڵاوی دەکاتەوە، چاوەڕێی ئەوەین کە راگەیێنراوێکی کەتیبەکانی عیزەدین قەسام هەبێت کە تەنیا لایەنی رێگەپێدراوە بۆ ئەوەی شەهیدبوونی هەر کام لە سەرکردەکانی رابگەیێنێت".
لە مانگی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە شەڕی نێوان سوپای ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی چڕ بووەتەوە، ئێستا دەستپێشخەرییەک هەیە بۆ ئەوەی هەردوولا بگەنە ئاگربەست.
تەیسیر سلێمان لەبارەی ئەنجامی ئاگربەستەکەوە رایگەیاند، تاوەکو ئێستا ئیسرائیل وەڵامی نەداونەتەوە، بەگوتەی ئەو سەرکردەیەی حەماس، ئیسرائیل دەیەوێت لە رێگەی گوشاری سەربازییەوە دەستکەوتی زیاتری دەست بکەوێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ