نەتەنیاهوو رەتیدەکاتەوە نیازی کۆنترۆڵکردنی خاکی وڵاتانی دراوسێی هەبێت

31-08-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، تۆمەتی وڵاتان بۆ نیازی وڵاتەکەی بۆ کۆنترۆڵکردنی خاکی وڵاتانی دراوسێی رەتدەکاتەوە. دەشڵێت، تەنیا ئامانجیان ئاشتی و ئاسایشی ئیسرائیلە.
 
رۆژی یەکشەممە، 31ی ئابی 2025، نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، "پێچەوانەی هەموو تۆمەتە هەڵەکان، ئیسرائیل نیازی کۆنترۆڵکردنی خاکی هیچکام لە وڵاتانی دراوسێی نییە". 
 
رۆژی 12ی ئەم مانگە، نەتەنیاهوو بە کەناڵی (I24)ـی راگەیاندبوو کە "بە هەستێکی قووڵەوە" پەیوەستە بە دیدگای ئیسرائیلی گەورە. هەروەها گوتبووی کە خۆی بە "ئەرکێکی مێژوویی و رووحانی" دەزانێت کە کار بۆ نەوەکانی ئێستا و داهاتووی جووەکان دەکات. 
 
"ئیسرائیلی گەورە" زاراوەیەکە لە سیاسەتی ئیسرائیلدا بەکاردێت بۆ ئاماژەدان بە فراوانبوونی خاکی ئیسرائیل بۆ ئەوەی کەناری رۆژئاوا، غەززە و بەرزاییەکانی گۆلانی سووریا بگرێتەوە، هەروەها هەندێک لێکدانەوەش ناوچەی سینای میسر و بەشێک لە ئوردنیان لەخۆگرتووە.
 
قسەکانی ئەو کاتی نەتەنیاهوو کاردانەوەی عێراقی لێکەوتەوە و وەزارەتی دەرەوە لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئەو لێدوانانە "تەماحە فراوانخوازییەکانی" ئیسرائیل ئاشکرا دەکەن و هەوڵێکن بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.
 
کاردانەوەی وڵاتان 
 
وەزارەتی دەرەوەی میسر لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی قسەکانی نەتەنیاهوو رایگەیاندبوو، "ئەم قسانە دژی خواستەکانی لایەنە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانە کە بایەخ بە ئاشتی دەدەن و هەوڵی بەدیهێنانی ئاسایش و ئاشتی بۆ هەموو گەلانی ناوچەکە دەدەن".
 
وەزارەتی دەرەوەی ئوردن قسەکانی نەتەنیاهووی بە "هەڵکشانی مەترسیدار و وروژێنەر، هەڕەشە بۆ سەروەری دەوڵەتەکان، پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان" ناوبرد. 
 
دەسەڵاتی فەلەستین قسەکانی نەتەنیاهووی بە "بێڕێزی کردن بە مافە رەواکانی گەلی فەلەستین" و "وروژاندن و هەڵکشانی مەترسیدار کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دەکات" ناوبرد. 
 
وەزارەتی دەرەوەی یەمەن سەرکۆنەی قسەکانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی کرد و هۆشداری دا کە "بەردەوامی ئەم سیاسەتانەی ئیسرائیل ناوچەکە بەرەو گرژی و ناجێگیری زیاتر دەبات".
 
کۆمکاری عەرەبیش لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی "ئارەزووە داگیرکەرانە و فراوانخوازەکانی" ئیسرائیلی کرد و بە "هەڕەشەیەکی جددی بۆ ئاسایشی نیشتمانی گشتی عەرەب" ناوی برد. 
 
لە گوتەکانی ئەمڕۆیدا نەتەنیاهوو ئاماژەی بەوەش کردووە، ئامانجیان لە هەوڵەکانیان تەنیا پاراستنی "ئاشتی و ئاسایشی" ئیسرائیلە. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە