سوپای ئیسرائیل ماڵی بەرپرسێکی باڵای حەماسی تەقاندەوە

31-10-2023
تەنیا ئەحمەد
خانووەکە لەدوای خاپوورکردنی. وێنە: AP
خانووەکە لەدوای خاپوورکردنی. وێنە: AP
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سوپای ئیسرائیل ماڵی جێگری سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماسی لە کەرتی رۆژئاوا تەقاندەوە و تەقەی لە چەند دانیشتووەک کرد. بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، خانووەکە کەسی تێدانەبووە.
 
رۆژی سێشەممە، 31-10-2023، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، چوونەتە نێو گوندی عاروری لەنزیک شاری رامەڵڵا لەکەرتی رۆژئاوا و ماڵی ساڵح عاروری، جێگری سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس و فەرماندەی چەکداریی کەرتی رۆژئاوایان تەقاندووەتەوە. هەروەها، تەقەیان لەو کەسانە کردووە کە بەردیان لە سەربازەکان گرتووە.
 
قوتەیبە خاسب، برازای ساڵح عاروری بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە، "ئەم کارەیان بۆ ترساندنی خەڵک کرد، بەڵام خەڵکی ئێمە کەسانی خۆڕاگرن".
 
لە ڤیدیۆیەکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەردەکەوێت، ماڵی ئەو بەرپرسەی حەماس بە تەواوی رووخاوە و لەگەڵ زەویدا تەخت بووە.
 
بەگوێرەی عەلی خاسب، موختاری گوندی عاروری، سەربازانی ئیسرائیل 10 رۆژ لەمەوبەر 20 کەسیان دەستگیرکردووە لەو ناوچەیە لەوانە برایەک و نۆ برازای ساڵح عاروری.
 
ساڵح عارووری، کە ئێستا لە لوبنان نیشتەجێیە، دامەزرێنەری کەتیبەکانی عیزەدین قەسام، باڵی سەربازیی سەر بە بزووتەنەوەی حەماسە. ئەو لەلایەن حکومەتی ئیسرائیلەوە تۆمەتبارکراوە بەوەی، یەکێکبووە لە پلاندارێژەکانی هێرشەکەی 7ی مانگ.
 
تەندروستیی رامەڵڵا رایگەیاند، "لە 7ی تشرینی یەکەمەوە 122 هاووڵاتیی فەلەستینی بەدەستی سەربازانی ئیسرائیلی کوژراون و لانیکەم هەزار و 960 کەس برینداربوونە."
 
سوپای ئیسرائیلیش پێشتر رایگەیاندبوو دوو سەربازیان لە کەرتی رۆژئاوا کوژراون.
 
بەیانیی رۆژی شەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلیش لەبەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "شمشێری پۆڵایین"ـی راگەیاند، بەڵام، دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و ژمارەیەک گرووپی چەکداری دیکەش چوونە نێو شەڕەکە. 
 
بەهۆی شەڕی نێوان بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل تائێستا 9 هەزار و 782 کەس لە هەردوولا کوژراون، زیاتر لە 21 هەزار کەسیش بریندار بوون، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی فەلەستین لە غەززە دەڵێت: "نەخۆشخانەکان توانایان نەماوە و کارەساتی مرۆیی بەڕێوەیە."
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە