رووداو دیجیتاڵ
وێڕای هەڵکشانی گرژییەکان و جووڵە سەربازییەکان، بەرپرسانی باڵای ئێران و ئەمریکا ئاماژە بە هەبوونی گفتوگۆ و هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنی دانوستاندن دەکەن.
عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە مۆسکۆ، رۆژی شەممە 31-01-2026 رایگەیاند، "پێچەوانەی ئەو شەڕە میدیاییەی کە هەیە، رێکارەکان بۆ دەستپێکردنی دانوستاندنەکان بەرەوپێش دەچن."
هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (Fox News) بوونی دیالۆگی لەنێوان هەردوولا پشتڕاست کردەوە و گوتی: "ئەوان [ئێران] قسەمان لەگەڵ دەکەن، دەبینین دەتوانین بگەینە ئەنجامێک یان نا، بەڵام هێزە دەریاییەکانمان لەوێن."
لەسەر ئاستی دیپلۆماسیی ناوچەکەش، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر جەختی لەوە کردەوە کە تاران نایەوێت بچێتە نێو هیچ جەنگێکی سەربازییەوە و "پێکدادانی چەکداری لە بەرژەوەندیی هیچ لایەکدا نییە."
سەرەڕای پەیامە دیپلۆماسییەکان، جووڵە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا بەردەوامن. ئەمیر حاتەمی، فەرماندەی سوپای ئێران هۆشداریی دایە ئەمریکا و ئیسرائیل و رایگەیاند، هێزەکانیان لە ئامادەباشیی تەواودان و "هەر هەڵەیەک ئاسایشی رژێمی زایۆنی دەخاتە مەترسییەوە."
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران وەڵامی هۆشدارییەکانی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم)ـی دایەوە و گوتی: "ئەمریکا ناتوانێت رێسا بۆ هێزە چەکدارەکانی ئێران لە ناوچەی خۆیاندا دابنێت."
ئەمە لەکاتێکدایە واشنتن کەشتیی جەنگیی "USS Abraham Lincoln"ـی لە نزیک کەناراوەکانی ئێران جێگیر کردووە. چاودێران ئەمە بە گوشار دەزانن بۆ ئەوەی تاران مەرجەکانی ئەمریکا بۆ رێککەوتنێکی نوێ قبووڵ بکات، کە بریتین لە سنووردارکردنی بەرنامەی مووشەکی و وەستاندنی هەژموونی ناوچەیی.
دۆخی نێوخۆیی ئێران ئاڵۆزە؛ بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی HRANA، لە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکاندا تاوەکو ئێستا شەش هەزار و 713 کەس کوژراون کە 137ـیان منداڵن.
هەروەها رۆژی پێنجشەممە 29-01-2026، یەکێتیی ئەورووپا سوپای پاسدارانی خستە لیستی تیرۆرەوە، بڕیارێک کە تووڕەیی تارانی لێکەوتەوە و لە بەرامبەردا پەرلەمانی وڵاتەکە سەرجەم سوپای وڵاتانی نێو یەکێتییەکەی خستە لیستی تیرۆرەوە.
بەشێک لە هاووڵاتییانی ئێران لە سنووری تورکیاوە هەوڵی جێهێشتنی وڵات دەدەن و باس لەوە دەکەن کە بە سەختی رووبەڕووی تەقەی هێزە ئەمنییەکان بوونەتەوە. هەرچەندە پزیشکیان داوای لە حکومەتەکەی کردووە گوێ لە داواکارییەکانی خەڵک بگرن.
ململانێی ئێران و ئەمریکا لە ساڵی 2018ـەوە دوای کشانەوەی واشنتن لە رێککەوتنی ئەتۆمی پێینایە قۆناخێکی نوێوە، بەڵام لە ساڵی 2025 و سەرەتای 2026دا، دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکان و سەرهەڵدانی خۆپێشاندانە جەماوەرییەکان دژی گرانیی بژێوی، گرژییەکان گەیشتنە بەرزترین ئاست.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ