مانگی سووری ئێران: ئاماری کوژراوانی هێرشەکەی سەر قوتابخانەکەی باشوور گەیشتە 108 کەس

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

مانگی سووری ئێران بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی هێرشەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل رۆژی شەممە بۆ سەر قوتابخانەیەک لە باشووری وڵاتەکە گیانیان لەدەستداوە، بۆ 108 کەس بەرزبووەوە.

رۆژی یەکشەممە، 01-03-2026، گوتەبێژێکی مانگی سووری ئێران رایگەیاند: "ژمارەی شەهیدان لە قوتابخانەی میناب گەیشتووەتە 108 کەس، تاوەکو ئێستاش تیمەکانی فریاگوزاری و لادانی پاشماوەی باڵەخانە رووخاوەکان لە کارەکانیان بەردەوامن." 
 
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە کاردانەوەیەکدا رایگەیاند: "ئەم کارە دڕندانەیە لاپەڕەیەکی رەشی دیکەیە لە تۆماری تاوانە زۆرەکانی دەستدرێژیکاران."
 
لەلایەکی دیکەوە، سوپای ئیسرائیل ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێک بدات. هاوکات پێنتاگۆنیش بە فەرمی وەڵامی نەدایەوە، بەڵام رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری گوتەبێژێکی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بڵاویکردەوە: "ئێمە ئاگاداری ئەو هەواڵانەین کە باس لە زیانی سڤیل دەکەن لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان. ئەم هەواڵانە بە جیدی وەردەگرین و لێکۆڵینەوەیان تێدا دەکەین. پاراستنی سڤیلەکان لە هەموو شتێک گرنگترە و ئێمە هەموو رێکارێک دەگرینە بەر بۆ کەمکردنەوەی زیانە نەخوازراوەکان."
 
بەپێی دوایین ئامار کە مانگی سووری ئێران ئێوارەی رۆژی شەممە بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی هێرشە بەرفراوانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر شارە جیاوازەکانی ئێران، لانیکەم 201 کەس کوژراون و 747 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
ئەم هەڵکشانانە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لە ناو جەرگەی جەنگێکی راستەوخۆدایە و تاران هەڕەشەی وەڵامدانەوەی تووند و کوشندە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات.
 
لەلایەکی دیکە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پشتڕاستی کردەوە کە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە