عەلی لاریجانی: ئەنجوومەنی کاتیی رێبەری پێکدەهێندرێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاند، ئەنجوومەنێکی کاتی بۆ قۆناخی دوای کوژرانی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران پێکدەهێندرێت.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 1ی ئاداری 2026 عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران رایگەیاند، "بەم نزیکانە ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کاتی پێکدەهێندرێت تاوەکو رێبەری داهاتوو هەڵدەبژێردرێت."
 
سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران گوتیشی، "نەتەوەی ئێران بە درێژایی مێژوو خراپتر لەم رووداوانەی بینیوە و مەغۆلەکان هەموو ئێرانیان وێران کرد، بەڵام نەتەوەی ئێران دژی ئەوان وەستایەوە."
 
لاریجانی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئێران، هێرشی کردە ئیسرائیل و گوتی، "ئیسرائیل هەوڵی دابەشکردنی ئێران دەدات، چونکە ئیسرائیل وڵاتێکی بچووکە؛ نە سەرچاوەی زۆری هەیە، نە نەتەوەیەکی گەورەی هەیە، نە رەگ و ریشەی لە ناوچەکەدا هەیە، نە ئایدۆلۆژیای هەژموونی هەیە؛ لە دەوروبەریدا وڵاتانی ئیسلامین کە دژین، هەرچەندە هەندێک حکومەت دژین، بەڵام گەلان رقیان لێیانە."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، "لە ماوەی ئەم چەند مانگەدا، بۆ لە ناوبردنی ئاسایشی گەلی ئێران و حکومەت، شێوازی جۆراوجۆریان پەیڕەو کرد."
 
لاریجانی هۆشداریی دایە ئەو گرووپانەی دەیانەوێت ئێران دابەش بکەن و رایگەیاند، "ئەو گرووپانەی بیر لە دابەشکردنی ئێران دەکەنەوە، پێویستە بزانن کە هێزە چەکدارەکان لە پاڵ یەکڕیزیی ئێران دا وەستاون. ئاگادارتان دەکەمەوە؛ ئێمە لەو بابەتە هیچ سازشێک ناکەین."
 
سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران بەرواردی جەنگی ئەمجارە و جەنگە 12 رۆژییەکەی پاری کرد و گوتی، "لە جەنگی 12 رۆژەدا قوربانیی زۆرمان هەبوو، بەڵام دوێنێ ژمارەی شەهیدەکانمان زۆر کەم بوون؛ هێزە چەکدارەکان بە ئەزموونی جەنگی پێشوو، دۆخەکەیان کۆنترۆڵ کردووە."
 
بە ئاماژەدان بە بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنەکان باسی لەوەش کرد، "هێزە چەکدارەکان پێداویستیی نایابیان پێشکێش کردووە و زەمینەسازیی باش کراوە بۆ بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنەکان."
 
ئێران لە دوێنێوە هێرشی مووشەکی و درۆنیی کردووەتە سەر چەندین وڵاتی ناوچەکە، بەڵام لاریجانی دەڵێت، "بنکەی ئەمریکییەکان خاکی وڵاتانی ناوچەکە نین، خاکی ئەمریکان. ئێمە مەبەستمان نییە دەستدرێژی بکەینە سەر وڵاتانی ناوچەکە."
 
شەممە 28-02-2026 ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی هاوبەشیان کردە سەر ئێران، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، عەلی شەمخانی، راوێژکاری باڵای سیاسیی رێبەری ئێران و محەممەد پاکپوور، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران کوژران.
 
هەرچەندە باس لە کوژرانی ژمارەیەک فەرماندە و بەرپرسی دیکەی ئێران دەکرێت، بەڵام ئێران تەنیا کوژرانی ئەو سێ کەسەی پشتڕاستکردووەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا

گومان لە پاساوەکانی ترەمپ بۆ شەڕی دژی ئێران دەکرێت

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەرەبەیانی رۆژی شەممە پاساوی بۆ شەڕی دژی ئێران هێنایەوە، ئەمەش لە کاتێکدا هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆردوومانی ئێرانیان دەکرد. ترەمپ گوتی، شەڕ پێویست بوو بۆ ئەوەی کۆتایی بە "هەڕەشەکان"ی تاران بهێنرێت.