هەواڵگریی ئەمریکا چۆن شوێنی خامنەیی دۆزییەوە؟

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بە گوتەی بەرپرسانی ئەمریکا کە ئاگاداری زانیارییە هەواڵگرییەکانی وڵاتەکەیانن، کوشتنی سەرکردە باڵاکانی ئێران دوای ئەوە هات، کە ئەمریکا و ئیسرائیل زانیاریی وردیان بە یەکدی دا.
 
کەمێک پێش ئەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل هێرش بکەنە سەر ئێران، دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا (سی ئای ئەی) شوێنی گرنگترین ئامانجیان دۆزییەوە، کە عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئێران بوو.
 
بە گوتەی ئەو کەسانەی ئاگاداری ئۆپەراسیۆنەکە بوون، CIA بۆ چەندین مانگ چاودێریی خامنەیی کردبوو و زانیاریی وردی لەبارەی شوێن و جووڵەکانییەوە کۆکردبووەوە. دواتر دەزگاکە زانیاریی پێگەیشت کە بەیانیی رۆژی شەممە کۆبوونەوەیەک لەنێوان بەرپرسە باڵاکانی ئێراندا لە ناوەندی تاران دەکرێت. لە هەمووی گرنگتر، CIA زانیبووی کە رێبەری باڵاش لەوێ دەبێت.
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسانەی ئاگاداری بڕیارەکان بوون، ئەمریکا و ئیسرائیل بڕیاریان دا کاتی هێرشەکەیان بگۆڕن، بۆ ئەوەی سوود لەو زانیارییە هەواڵگرییە نوێیە وەربگرن.
 
ئەو زانیارییانە دەرفەتێکی گرنگی بۆ هەردوو وڵات دروستکرد بۆ ئەوەی سەرکەوتنێکی گەورە و خێرا بەدەستبهێنن، کە ئەویش کوشتنی بەرپرسە باڵاکانی ئێران و عەلی خامنەیی بوو.
 
کوشتنی خێرای رێبەری باڵای ئێران، نیشانی دا ئەمریکا و ئیسرائیل زانیاریی زۆر وردیان لەبارەی سەرکردایەتیی ئێرانەوە کۆکردووەتەوە، بەتایبەتی دوای شەڕی 12 رۆژەی پار. ئۆپەراسیۆنەکە ئەوەشی دەرخست سەرکردەکانی ئێران خۆیان نەپاراستووە، لە کاتێکدا ئەمریکا و ئیسرائیل بە روونی رایانگەیاندبوو کە خۆیان بۆ شەڕ ئامادە دەکەن.
 
بە گوتەی ئەو کەسانەی ئاگاداری زانیارییە هەواڵگرییەکان بوون، CIA زانیارییەکانی خۆی بە ئیسرائیل دابوو، کە "زۆر ورد" بوون لەبارەی شوێنی خامنەیی.
 
ئەمریکا و ئیسرائیل، کە لە سەرەتادا پلانیان وابوو لە شەودا هێرش بکەن، بڕیاریاندا کاتەکە بگۆڕن بۆ ئەوەی سوود لە زانیارییەکان دەربارەی کۆبوونەوەکەی بەیانیی رۆژی شەممە لە تاران وەربگرن.
 
بڕیاربوو سەرکردەکان لە شوێنێک کۆببنەوە کە نووسینگەی سەرۆکایەتیی ئێران، رێبەری باڵا و ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانی تێدایە.
 
ئیسرائیل زانیبووی کە لە کۆبوونەوەکەدا چەند بەرپرسێکی باڵای بەرگریی ئێرانیش بەشدار دەبن. لەوانە: محەممەد پاکپوور، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران؛ عەزیز ناسرزادە، وەزیری بەرگری؛ عەلی شەمخانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەربازی؛ سەید مەجید مووسەوی، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران؛ محەممەد شیرازی، جێگری وەزیری هەواڵگری و چەند کەسێکی دیکە.
 
ئۆپەراسیۆنەکە کاژێر 6:00ی بەیانی بە کاتی ئیسرائیل دەستیپێکرد و فڕۆکە جەنگییەکان لە بنکەکانیانەوە فڕین. بۆ هێرشەکە ژمارەیەکی کەم فڕۆکە بەکارهات، بەڵام چەکی زۆر پێشکەوتوو و وردی دوورهاوێژیان پێبوو.
 
دوای 2 کاژێر و 5 خولەک لە فڕینی فڕۆکەکان، نزیکەی کاژێر 9:40ی بەیانی بە کاتی تاران، مووشەکەکان لە ئامانجەکە دران. لە کاتی هێرشەکەدا، بەرپرسە باڵاکانی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە باڵەخانەیەکدا بوون. خامنەیی لە باڵەخانەیەکی نزیک لەوێ بوو.
 
ئەو کەسانەی ئاگاداری ئۆپەراسیۆنەکە بوون، گوتیان ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگریی ورد و چەندین مانگ ئامادەکاری کراوە.
 
حوزەیرانی رابردوو، لە کاتێکدا پلانی هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بەردەوام بوو، دۆنالد ترەمپ جەختی کردەوە کە ئەمریکا دەزانێت ئایەتوڵڵا خامنەیی لە کوێیە و دەتوانێت بیکوژێت.
 
بە گوتەی بەرپرسێکی ئەمریکی و کەسانی دیکەی ئاگادار، لەو کاتەوە زانیارییەکانی ئەمریکا زیاتر و وردتر بوون. بەرپرسەکە گوتی، لە ماوەی شەڕە 12 رۆژییەکەدا، ئەمریکا زانیاریی زیاتری لەبارەی شێوازی پەیوەندی و جوڵەی رێبەری باڵا و سوپای پاسداران کاتێک لەژێر گوشاردان دەستکەوت. ئەمریکا ئەو زانیارییانەی بەکارهێنا تاوەکو توانای خۆی بۆ بەدواداچوونی ئایەتوڵڵا خامنەیی و پێشبینیکردنی جوڵەکانی وردتر بکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد پاکپوور، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران لە تاران

سوپای پاسداران کوژرانی فەرماندەی گشتیی سوپاکەی لە تاران راگەیاند

سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا کوژرانی محەممەد پاکپوور، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی لە هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل لە شاری تاران راگەیاند