رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەرەبەیانی رۆژی شەممە پاساوی بۆ شەڕی دژی ئێران هێنایەوە، ئەمەش لە کاتێکدا هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆردوومانی ئێرانیان دەکرد. ترەمپ گوتی، شەڕ پێویست بوو بۆ ئەوەی کۆتایی بە "هەڕەشەکان"ی تاران بهێنرێت.
ترەمپ لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە ماوەکەی نزیکەی هەشت خوولەک بوو و زیاتر لە کاژێرێک دوای دەستپێکردنی هێرشەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویكردەوە، رایگەیاند، "ئێران هەموو دەرفەتێکی رەتکردەوە بۆ ئەوەی دەستبەرداری خواستە ئەتۆمییەکانی ببێت."
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، "ئەوان هەوڵیان دا بەرنامە ئەتۆمییەکەیان بونیادبنێنەوە و بەردەوام بن لە دروستکردنی مووشەکی دوورمەودا" کە "دەکرێت بەمزووانە بگەنە خاکی ئەمریکا." هەروەها داواشی لە گەلی ئێران کرد حکومەتەکەیان بڕووخێنن.
بەڵام دەگوترێت، ئێران لە دانوستانەکاندا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئامادەیە پیتاندنی یۆرانیۆم رابگرێت. لە لایەکی دیکەوە، پێدەچێت تاران هێشتا چەند ساڵێکی پێویست بێت بۆ دروستکردنی بڕێکی زۆر لە مووشەکی کیشوەربڕ. ئەمەش پرسیار و گومانی گەورە لەسەر پاساوەکانی ترەمپ بۆ هەڵگیرساندنی شەڕەکە دروست دەکات.
موونا یەعقوبیان، بەڕێوەبەری پرۆگرامی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی (CSIS) گوتی، "سەرۆک ترەمپ پاساوێکی بەهێزی بۆ هەبوونی هەڕەشەیەکی گەورەی ئێران نەهێنایەوە، تاوەکو رەوایەتی بە هێرشە هاوبەشە گەورەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل بدات."
یەعقوبیان پێیوایە، "ئەو داوایەی لە گەلی ئێرانی کردووە بۆ ئەوەی دەسەڵات بگرنە دەست، ئەوە دەردەخات کە ئامانجی سەرەکی لەم هێرشانە زیاتر گۆڕینی رژێمە." هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، بەپێی هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکان، بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران "هێشتا دوورە لەوەی بۆ دروستکردنی چەک بەکاربهێنرێت."
پێشتر ترەمپ چەندین جار باسی لەوە کردبوو کە لە هێرشەکانی حوزەیرانی 2025ـدا بەرنامە ئەتۆمییەکەی تارانی لەنێوبردووە. سوپای ئەمریکاش لەو لیستەی بڵاویکردووەتەوە بۆ ئەو شوێنانەی رۆژی شەممە کردوونیەتە ئامانج، باسی هیچ پێگەیەکی پەیوەندیدار بە بەرنامەی ئەتۆمی نەکردووە.
پێشکەوتن لە دانوستاندنەکاندا هەبوو؟
بەدر بووسعەیدی، وەزیری دەرەوەی عومان، کە نێوەندگیریی دانوستاندنەکانی نێوان تاران و واشنتنی دەکرد، رۆژی هەینی رایگەیاند، ئێران رازی بووە لە کۆکردنەوەی ئەو ماددە ئەتۆمییانە بوەستێت کە بۆ دروستکردنی چەک پێویستن. ئەو گوتی، ئەمە نەرمینواندنێکی گەورەیە و هەڕەشەی ئەتۆمیی نەهێشتووە.
وەزیری دەرەوەی عومان بە بەرنامەی (Face the Nation)ـی تۆڕی CBSـی ئەمریکی گوت: "ئەگەر نەتوانیت ماددەی پیتێندراو کۆبکەیتەوە، ئەوا بە هیچ شێوەیەک ناتوانیت بۆمب دروستبکەیت."
هەروەها گوتی، "ئەگەر ئامانجی کۆتایی ئەوە بێت بۆ هەمیشە دڵنیابین لەوەی ئێران ناتوانێت ببێتە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی، پێموایە ئێمە لە رێگەی ئەم دانوستاندنانەوە ئەو کێشەیەمان چارەسەر کردووە."
لە لایەکی دیکەوە، ئەو بانگەشەیەی ترەمپ لەبارەی ئەوەی مووشەکەکانی ئێران دەکرێت "بەمزووانە" بگەنە ئەمریکا، گومانی لەسەرە. ئەمەش بە پشتبەستن بە هەڵسەنگاندنێکی ساڵی 2025ی ئاژانسی هەواڵگریی بەرگریی ئەمریکا، کە تێیدا هاتووە، تاران لەو کاتەدا مووشەکی بالیستیی کیشوەربڕی نەبووە و پێدەچێت تاوەکو ساڵی 2035 کاتی بوێت بۆ ئەوەی 60 مووشەکی لەو جۆرە بەرهەمبهێنێت.
بەپێی راپۆرتێکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کۆنگرێسی ئەمریکا، ئێستا تاران تەنیا خاوەنی مووشەکی بالیستیی کورتمەودا و مامناوەندە، کە زۆرترین مەودایان دەگاتە نزیکەی سێ هەزار کیلۆمەتر.
جگە لە پرسی ئەتۆمی و مووشەکی، ترەمپ چەندین پاساوی دیکەی بۆ شەڕەکە هێنایەوە، وەک؛ دەستبەسەرداگرتنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران لە ساڵی 1979، هێرشی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و کەشتییە بازرگانییەکان لە ناوچەکە، لەگەڵ سەرکوتکردنی تووندی خۆپێشاندەران لە ناوخۆی ئێراندا.
بەڵام پێش هەڕەشەکە، هیچ هێرشێک لەلایەن ئەو گرووپانەوە بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا نەکرابوو. ساڵی رابردووش ترەمپ ستایشی ئاگربەستێکی کردبوو کە بووە هۆی وەستاندنی هێرشی حووسییەکانی یەمەن بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان.
لە کاتێکدا پێشتر ترەمپ چەندین جار هەڕەشەی ئەوەی دەکرد کە ئەگەر ئێران خۆپێشاندەران بکوژێت ئەوا هێرشی سەربازی دەکاتە سەر، بەڵام مانگی رابردوو کە تاران رووبەڕووی خۆپێشاندەران بووەوە، ترەمپ لە بڕیاری هێرشکردن پاشگەزبووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ