رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، تۆڵەسەندنەوە لە ئەنجامدەرانی هێرشەکە "ئەرک و مافی رەوای" وڵاتەکەیەتی.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە پەیامەکەیدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویکردووەتەوە دەڵێت، کوژرانی عەلی خامنەیی "گەورەترین تاقیکردنەوەی ئەمڕۆی جیهانی ئیسلامە."
سەرۆککۆماری ئێران کوژرانی رێبەری وڵاتەکەی بە "راگەیاندنی جەنگی ئاشکرا" ناودەبات و دەڵێت، ئێران "تۆڵەسەندنەوە لە ئەنجامدەران و فەرماندەرانی ئەم تاوانە مێژووییە بە ئەرک و مافی رەوای خۆی دەزانێت و بە هەموو توانایەوە کار بۆ جێبەجێکردنی ئەم بەرپرسیارێتی و ئەرکە گەورەیە دەکات."
مەسعود پزیشکیان کە یەکەم پەیامییەتی لە دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆ سەر وڵاتەکەی بڵاوی بکاتەوە، دەڵێت، "جەخت لەسەر بڕیاری پێداگرانە و ویستی نەگۆڕمان بۆ بەردەوامبوونی رێگەی ئەم پیاوە گەورەیەی مێژوو [عەلی خامنەیی] دەکەمەوە."
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ئێران بە فەرمی کوژرانی رێبەرەکەی پشتڕاست کردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ