شێوازی کوشتنی موحسین فەخریزادە تاوەکو ئێستا نادیارە

01-12-2020
فواد حەقیقی
موحسین فەخریزادە
موحسین فەخریزادە
نیشانەکردن موحیسن فەخریزادە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

موحسین فەخریزادە وەکو زۆر لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران، دەستپێکی چالاکییە سەربازییەکانی لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بوو، کاتێک کە کۆماری ئیسلامی هێرشی کردە سەر ناوچە رزگارکراوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان. بەڵام ئەو سەرەنجام  لە شەقامی ئابسەردی تاران کوژرا، شێوازی کوژرانەکەش هێشتا ناڕوونە. لەم چەند رۆژەدا زانیاریی جۆراوجۆر بڵاوبووەتەوە.
 
ئەمیر حاتەمی، وەزیری بەرگریی ئێران لە ئێوارەی هێرشەکەدا گوتی: "بەپێی ئەو راپۆرتانەی لە هاوڕێیەکانی و شوێنی رووداوەکە بە دەستمان گەیشتووە، بەمجۆرەیە کە سەرەتا تەقە لە ئۆتۆمبێلەکەی کراوە، دوای نزیک بە 10-15 چرکە ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگری نیسان، کە ماددەی تەقەمەنی تێدا بووە و بە دووری 15-20 مەتر لە ئۆتۆمبێلەکەی فەخریزادە دەتەقێتەوە. واتە تەقە دەکرێ، نیسانەکە دەتەقێتەوە و هاوکات لەگەڵ ئەمانەش تەقەکردن هەبووە".
 
رۆژنامەڤانێکی تەلەڤزیۆنی ئێران بە هەندێک جیاوازیی بچووک لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئێران دەڵێت: "هەندێک شتمان لە شایەتحاڵان بیستووە، لەوبەری منەوە ئۆتۆمبێلێکی جۆری نیسان راگیرابوو، کە داری پێبوو و ماددەی تەقەمەنی دانرابووەوە ئەمەش دەتەقێتەوە و شەپۆلی تەقینەوەکە کێبڵەکانی کارەباکە دەپچڕێنن، لە لایەکی شەقامەکەوە ئۆتۆمبێلێکی بەرز هەبووە کە پێنج، شەش چەکداری تێدا بووە تەقەیان لەلایەکی دیکەی شەقامەکە کردووە. بەپێی هەندێ سەرچاوەی هەواڵ کە هێشتا پشتڕاست نەکراوەتەوە یەکێک لە تیرۆریستەکان دەستبەسەرکراوە".
 
یەکێک لە شایەتحاڵەکان کە ئێوارە هەینی و دوای رووداوەکە قسەی بۆ تەلەڤزیۆنی ئێران کرد و گوتی: "لەناکاو ئۆتۆمبێلەکە تەقییەوە، من راوەستام، راوەستام تاوەکو تەقینەوەکە تەواو بێت و لە تەنیشتیەوە تێپەڕ ببم، بەڵام هاوکات کە تەقینەوەکە تەواو بوو، تەقە دەستیپێکرد، لە لایەکی شەقامەکە تەقەیان دەکرد و لەوبەریشەوە تەقەیان دەکرد، من یەکێکیانم بینی کە لەسەر شەقامەکە دانیشتبوو. بەگشتی نەمبینی چەند کەس بوون، بەڵام پێنج، شەش کەس دەبوون".
 
فەرەیدوون عەباسی، پەرلەمانتار لە زاری پاسەوانەکانی فەخریزادەوە رووداوەکە بەمجۆرە دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "ئەوان ویستوویانە بە تەقەکردن ئۆتۆمبێلی شەهید فەخریزادە لە تەنیشت نیسانەکە راوەستێت و ئینجا بیتەقێننەوە، کە تەقە دەکرێت، ئۆتۆمبێلی فەخریزادە دوور لە نیسانەکە رادەوەستێت و خۆی دادەبەزێت، رەنگە پێیوابووبێ بەهۆی تەقەکردنەکەوە خێزانەکەی بریندار دەبێت، لەو کاتە گولـلەیەک شانی دەپێکێت، پاسەوانەکانی دادەبەزن بۆ ئەوەی پارێزگاری لێ بکەن، لەوێ پاسەوانێکی بەردەکەوێت، ئینجا فەخریزادە خۆی بە ئامانج دەگرن، بەم شێوەیە بریندار دەبێت و هاوکات نیسانەکەش دەتەقێننەوە، پاسەوانەکان بەهۆی کاریگەریی تەقینەوەکە نەیانتوانیوە بەجوانی دەوروبەر ببینن، ئەوانەش چونکە بەسەر بارودۆخەکەدا زاڵ بوون و لە رێگەی دوورەوە تەقەیان کردووە، ئەوەی کە کەسێک هاتبێتە نێو شەقامەکە و تەقەی کردبێت هێشتا روون نییە." 
 
رۆژی شەممە جەواد مەوگوویی، توێژەری مێژووی کۆماری ئیسلامی و دیکۆمێنتارساز، روونکردنەوەیەکی لەژێر ناوی رێک وەک فیلمە ئەکشنە ئەمریکییەکان لە ئینستاگرامی خۆیدا بڵاوکردەوە. بەگوتەی مەوگوویی، نیسانەکە چەکی ئۆتۆماتیکی و تەقەمەنی تێدا بووە، لە لایەکی دیکەی شەقامەکەش ئۆتۆمبێلێکی جۆری سانتافی بە چوار سەرنشینەوە چاوەڕێ بوون، لەگەڵ چوار ماتۆڕسوار و دوو نیشانشکێن.
 
یەکەم ئۆتۆمبێلی پاسەوانەکانی فەخریزادە تێپەڕدەبێت، ئۆتۆمبێلی فەخریزادە و هاوژینەکەی کە شوێنی سووڕانەوەی شەقامەکە دەسووڕێنەوە و چەکە ئۆتۆماتیکەکە تەقەیان لێدەکات، فەخریزادە سێ گولـلەی بەردەکەوێت. ئینجا دادەبەزێت، دووەم ئۆتۆمبێلی پاسەوانەکانی دەگات، یەکێک لە پاسەوانەکان خۆی دەکاتە قەڵغان و چوار گوللەی بەردەکەوێت، لەو کاتەدا نیسانەکەش دەتەقێنرێتەوە، هاوکات 12 کەس لە پاسەوانەکانی فەخریزادە بەر دەسڕێژی گولـلە دەکەون. هیچ کەس لە تەقەکەرەکان ناکوژرێ و ناگیرێت. کارەبای ناوچەکە نیو کاژێر پێشتر بڕابوو و کامێراکانی چاودێری کوژابوونەوە و هیچ فیلمێک تۆمارنەکراوە.
 
ئەو دەڵێت: "تیمێکی 12 کەسی بۆ تیرۆرکردن و 50 کەسی دیکەش وەکو پشتیوان دەوێ، کات و شوێنی رووداوەکەش نیشانی دەدات کە هەموو جۆرە زانیارییەکیان لەسەر هاتووچۆ و تەنانەت بەرنامەکانی بنەماڵەی فەخریزادە هەبووە."
 
شەوی شەممە حامد یەکێک لە کوڕەکانی فەخریزادە قسە بۆ بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی ئێران کرد و رایگەیاند: "بەداخەوە نەک تەنیا تیرۆر، بەڵکو شەڕێک بەتەواوی مانای شەڕ بووە."
 
بێژەر: ئێوە خۆتان لەوێ بوون؟
 
ئەو کوڕەی فەخریزادە دەڵێت: "من دوای ماوەیەکی زۆر کەم گەیشتمە ئەوێ، چونکە نزیک بووم".
 
بێژەر: "وەکو ئەوەی کە بیستوومانە ئەم شەهیدە مەزنەمان لە باوەشی هاوژین یان بڵێین دایکتاندا شەهید بووە، ئەمە راستە؟"، ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: "بەڵێ بەڵێ، هەر بەمجۆرە بووە، لە دەستپێک تاوەکو کۆتایی رووداوەکە دایکم لەگەڵی بوو".
 
بەڵام ئاژانسی فارس نزیک لە سوپای پاسداران ئێوارەی یەکشەممە راپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە جیاوازی زۆر بەرچاوتری لەگەڵ لێداوانەکانی دیکەدا هەیە.
 
بەپێی ئەو راپۆرتە، ئۆتۆمبێلی فەخریزادە گوللەنەبڕ بووە لە باکووری ئێرانەوە بەرەو ئابسەردی دەماوەند رۆیشتوون، یەکەم ئۆتۆمبێلی پاسەوانەکانی بۆ پشکنینی شوێنی مانەوە ئەوانی دیکەی بەجێهێشتووە، لەو کاتەدا چەند گوللەیەک ئۆتۆمبێلەکەی فەخریزادە دەپێکێت و ئۆتۆمبێلەکەی رادەوەستێت. 
 
بەپێی ئەو راپۆرتە فەخریزادە پێیوابووە ماتۆڕی ئۆتۆمبێلەکە کێشەی هەیە یان شتێک تێیدا گیر بووە. بەڵام هەر کە دادەبەزێت تەقەی لێدەکرێت، سێ گوللەی بەردەکەوێت. لەو کاتەدا بەرپرسی پاسەوانەکانیشی خۆی دەکاتە قەڵغانی فەخریزادە و ئەویش بریندار دەبێت، ئینجا نیسانەکە دەتەقێتەوە.
 
بەپێی راپۆرتی فارس هیچ کەسێکیش وەک ئەنجامدەری کردەوەکە لەوێ نەبووە. هەروەها خاوەن نیسانەکەش مانگێک لەمەوبەر لە ئێران رۆیشتووە. بەڵام ئەگەر ئۆتۆمبێلەکەی گوللەنەبڕ بووە، بۆچی ئەم شووشەیەی شکاوە و لێرەشەوە کون بووە.  
 
ئەم رووداوە رەخنەی زۆری بەرەوڕووی دامودەزگە ئەمنییەکانی ئێران کردووەتەوە، رەنگە یەکێکیان ئەوە بێت کە تاوەکو ئێستا بەوە نەگەیشتوون کە فەخریزادە چۆن کوژرا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە