رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار، بەرپرسانی باڵای ئێران لەپشت پەردە و لە کۆبوونەوە داخراوەکانیاندا، نیگەرانییەکی قووڵیان هەیە لەوەی هەر هێرشێکی سەربازیی ئەمریکا ببێتە پریشکی سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و کۆتایی بە دەسەڵاتی ئێستای ئەو وڵاتە بهێنێت.
ئاژانسی رۆیتەرز لە راپۆرتێکی تایبەتدا، لە زاری 6 بەرپرسی ئێستا و پێشووی ئێرانەوە ئاشکرای کردووە، لە کۆبوونەوەیەکی ئاست بەرزدا لەگەڵ عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، هۆشداری دراوەتە سەرکردایەتیی وڵاتەکە کە تووڕەیی خەڵک لەدوای سەرکوتکردنی خوێناویی خۆپێشاندانەکانی مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ گەیشتووەتە ئاستێک، کە چیدیکە بەکارهێنانی هێز رێگری لە تووڕەیی خەڵک ناکات.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوانە، خامنەیی ئاگادار کراوەتەوە، خەڵکی ئێران ئێستا ئامادەیی زیاتریان تێدایە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێزە ئەمنییەکان و هەر گوشارێکی دەرەکی، بە تایبەت هێرشێکی سنوورداری ئەمریکا، دەتوانێت جەماوەر بۆ سەر شەقامەکان هان بدات و زیانێکی زۆر بە بنەماکانی دەسەڵاتی سیاسی بگەیەنێت.
یەکێک لە بەرپرسەکان ئاماژەی بەوە کردووە، "نەیارانی ئێران هەوڵ دەدەن لە رێگەی هاندانی خۆپیشاندانەکانەوە سیستەمی کۆماری ئیسلامی بڕووخێنن" و هۆشداریی داوە کە ئەگەر راپەڕینێکی دیکە روو بدات، "بەداخەوە" تووندوتیژیی زیاتری لێدەکەوێتەوە.
لە کاتێکدا کەسانی نزیک لە حکومەت باس لە بەکارهێنانی هێزی تووندتر دەکەن لە کاتی هەر هێرشێکی ئەمریکادا، هاووڵاتییانی ئێرانیش باس لەوە دەکەن هیچ شتێکیان بۆ لەدەستدان نەماوە.
باوکی مێردمنداڵێکی 15 ساڵان کە لە خۆپیشاندانەکانی مانگی رابردوودا کوژراوە، بە رۆیتەرزی گوتووە، تەنیا ژیانێکی ئاساییان ویستووە ،بەڵام بە فیشەک وەڵام دراونەتەوە و جەخت دەکاتەوە کە ئەگەر ئەمریکا هێرش بکات، بۆ تۆڵەکردنەوەی خوێنی کوڕەکەی دەگەڕێتەوە سەر شەقامەکان.
ئێستا تاران لە نێوان بەرداشی هەڕەشە دەرەکییەکانی واشنتن و تەقینەوەی تووڕەیی ناوخۆیی ئەو خەڵکەدا گیری خواردووە، کە بەهۆی داڕمانی ئابووری، گەندەڵی و سەرکوتکردنەوە گەیشتوونەتە بنبەست و هەر جوڵەیەکی سەربازی دەکرێت ببێتە هۆی گۆڕینی رێڕەوی مێژووی ئەو وڵاتە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ