خامنەیی بۆ ئەمریکا: جەنگی ئەمجارە ناوچەیی دەبێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران هۆشداری دەداتە ئەمریکا و رایدەگەیێنێت، گەلی ئێران لە رووبەڕووبوونەوە ناترسێت و ئەگەر واشنتن ئەم جارە شەڕێک هەڵگیرسێنێت، ئەوا "شەڕەکە دەبێتە شەڕێکی ناوچەیی."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 01-02-2026 عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە گوتارێکدا باسی لە گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن کرد و گوتی، "ئەم رووبەڕووبوونەوەیە زیاتر لە 40 ساڵە هەیە؛ بە بڕوای من کێشەکە لە دوو وشەدا کورت دەکرێتەوە، ئەویش ئەوەیە: ئەمریکا دەیەوێت ئێران قووت بدات، بەڵام گەلی بەهێزی ئێران و کۆماری ئیسلامی بەربەستن."
 
خامنەیی ئاماژەی بە مێژووی دەستوەردانەکانی ئەمریکا کرد و گوتی، "زیاتر لە 30 ساڵ ئەمریکییەکان لە ئێران بوون، نەوت، سامان و ئاسایشی وڵات لە دەستی ئەوان بوو؛ ئێستا دەیانەوێت بگەڕێنەوە و دووبارە هەمان بارودۆخی سەردەمی پەهلەوی دروستبکەنەوە، بەڵام ئێران بە پتەوی وەستاوە و رێگری دەکات."
 
"مشتێکی بەهێزیان لێدەدەین"
 
سەبارەت بە هەڕەشە سەربازییەکان و ناردنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگر بۆ ناوچەکە، خامنەیی گوتی، "ئەم قسانە و دەستەواژەی 'هەموو بژاردەکان لەسەر مێزن' شتێکی نوێ نین. بە بڕوای من نابێت خەڵکی ئێران بەم شتانە بترسێنن، چونکە خەڵکی ئێران ناکەونە ژێر کاریگەریی ئەو قسانەوە."
 
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران جەختی کردەوە کە ئەوان دەستپێکەری شەڕ نین و نایانەوێت هێرش بکەنە سەر هیچ وڵاتێک، "بەڵام لە بەرامبەر ئەو کەسەی چاوی تەماحی بڕیبێت و بیەوێت هێرش بکات، خەڵکی ئێران مشتێکی بەهێزی لێدەدات."
 
خامنەیی هۆشداریدا و گوتی، "با ئەمریکییەکان ئەوەش بزانن، ئەگەر ئەم جارە شەڕێک هەڵگیرسێنن، ئەو شەڕە دەبێتە شەڕێکی ناوچەیی."
 
ئەو قسانەی عەلی خامنەیی لە کاتێکدایە، ئەمریکا هێزێکی زۆری هێناوەتە ناوچەکە. بەیانیی ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "ناتوانم هەموو شتەکان باس بکەم، بەڵام کەشتییەکی زۆر گەورە و بەهێزمان بەرەو ئەو شوێنە دەڕوات. هیوادارم ئەوان [ئێران] دانوستاندن لەسەر شتێک بکەن، کە جێگەی قبووڵکردن بێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە