ئێران: لە 48 کاژێردا بە 700 درۆن و سەدان مووشەک هێرشمان کردووەتە سەر ئەمریکا و ئیسرائیل

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

قەرارگای ناوەندیی خاتمولئەنبیای ئێران ئەنجامی شەپۆلی یازدەهەمی هێرشەکانی بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل رادەگەیێنێت و دەڵێت: "تەنیا لە 48 کاژێری رابردوودا 500 خاڵی سەربازیمان بۆردوومان کردووە."
 
دووشەممە، 2ی ئاداری 2026، ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی قەرارگای ناوەندیی خاتمولئەنبیا (بەرزترین ناوەندی بڕیاردانی سەربازی لە ئێران)، وردەکاریی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە "بەڵێنی راست 4"ی ئاشکرا کرد.
 
بەگوتەی ئیبراهیم زولفەقاری، لەم شەپۆلە نوێیەی هێرشەکاندا، 60 ئامانجی ستراتیژی و 500 خاڵی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل کراونەتە ئامانج. گوتیشی: "تەنیا لە ماوەی 48 کاژێری رابردوودا، زیاتر لە 700 درۆن و سەدان مووشەکی بالیستی بۆ پێکانی ئەو ئامانجانە بەکارهێنراون."
 
گوتەبێژی قەرارگای خاتمولئەنبیا ئاماژەی بەوە کرد کە زیاتر لە 20 خاڵ لە ناوچەکانی تەلئەڤیڤ، قودسی رۆژئاوا و ئەلجەلیل پێکراون. هەروەها رایگەیاند کە هێرشیان کردووەتە سەر ناوەندەکانی هەواڵگری و کۆگاکانی پشتیوانیی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەی کەنداوی فارس و کۆمەڵگەی پیشەسازیی پەیوەندییەکانی سوپای ئیسرائیل لە بێرسەبع.
 
زولفەقاری جەختی کردەوە، ئەم هێرشانە وەڵامێکە بۆ بۆردوومانکردنی نەخۆشخانە، قوتابخانە و ناوەندە مەدەنییەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە. رایگەیاند: "ئەم کردەوە دڕندانە ئیرادەی هێزە چەکدارەکانمان بۆ بەرگری جاران زیاتر دەکات و ئاستی کردەوە سەربازییەکانمان فراوانتر دەکەین."
 
ئەم ئاڵۆزییە سەربازییانە دوای ئەوە دێت کە لە بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 28ی شوباتی 2026ەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی فراوانیان بۆ سەر 133 شار لە 20 پارێزگای ئێران دەستپێکردووە.
 
لەو هێرشانەدا چەندین بەرپرسی باڵای تاران کوژراون کە دیارترینیان عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. قەرارگای خاتمولئەنبیا کە ئەرکی هاوئاهەنگیی نێوان ئەرتەش و سوپای پاسدارانی لەسەر شانە، رایگەیاندووە تاوەکو شکستپێهێنانی هێرشەکان لە وەڵامدانەوە بەردەوام دەبن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە