پزیشکیان: هێرش بۆ سەر نەخۆشخانەکان تاوانە و لێی بێدەنگ نابین

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئارمان ئەیووب
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری ئێران هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر نەخۆشخانە و قوتابخانەکانی وڵاتەکەی سەرکۆنە دەکات و دەڵێت: "هێرش بۆ سەر نەخۆشخانە، هێرشە بۆ سەر ژیان." 
 
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، هاوخەمیی خۆی بۆ گەلی وڵاتەکەی دەربڕی و رایگەیاند: "لەگەڵ گەلی داخداری ئێراندام؛ هێرشکردنە سەر قوتابخانە، هێرشە بۆ سەر داهاتووی نەتەوەیەک."
 
سەرۆککۆماری ئێران جەختی لەوە کردەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرامبەر بە ئامانجگرتنی ناوەندە مەدەنییەکان، "نە بێدەنگ دەبێت و نە خۆشی رادەست دەکات." ئاماژەی بەوەش کرد کە بە ئامانجگرتنی نەخۆش و منداڵ، پێشێلکردنی ئاشکرای هەموو بنەما مرۆڤایەتییەکانە و پێویستە جیهان سەرکۆنەی بکات.
 
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی دامەزراوەی پزیشکیی ئێران ئاشکرای کرد کە تاوەکو ئێستا 10 ناوەندی دەرمان، نەخۆشخانە و بنکەی فریاگوزاری لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە کراونەتە ئامانج و زیانی گەورەیان بەرکەوتووە.
 
هاوکات وەزارەتی پەروەردەی ئێران رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر قوتابخانەیەکی کچان لە "ساری میناب" لە پارێزگای هورمزگان، 168 قوتابی کوژراون.
 
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە کە جەنگی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران چووەتە قۆناخێکی مەترسیدارەوە و ناوەندە خزمەتگوزارییەکانیش لە نێو جەرگەی ململانێکاندا زیانی زۆریان بەرکەوتووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە