راپۆرتێک: ئێران خۆی بۆ سیناریۆی هەرەسهێنانی دیپلۆماسی و هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل ئامادە دەکات

02-06-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتێکی میدیای بەریتانی دەڵێت، ئێران خۆی بۆ سیناریۆی هەرەسهێنانی گفتوگۆی ئەتۆمی و هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی ئامادە دەکات، هەوڵدەدات بەرگرییە ئاسمانییەکانی بەهێز بکات.
 
بەشێک لە نوێترین و پێشکەوتووترین مووشەکە زەوی بە ئاسمانەکان و رادارەکانی ئێران، لەنێویاندا سیستمی بەرگریی ئاسمانیی دوورمەودای ئێس-300ی دروستکراوی رووسیا، تووشی وێرانکاریی تەواو یان زیانی لاوەکی بوون، کاتێک ئیسرائیل لە تشرینی یەکەم و نیسانی ساڵی رابردوودا هێرشی کردە سەر وڵاتەکە.
 
لەپاڵ هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر هاوپەیمانەکانی تاران لە ناوچەکە کە بە رادەیەکی گەورە لاوازی کردوون، باس لەوە دەکرێت ئێران خۆیشی لە مەترسیی هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیلدا بێت.
 
بەڵام شارەزایان بە فاینانشیاڵ تایمزیان راگەیاندووە، ژمارەیەک لە سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئێران هێشتا کار دەکەن، یان رەنگە لەم مانگانەی دواییدا چاککرابنەوە.
 
هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکانی رۆژئاوا و وێنەی مانگە دەستکردەکان کە شرۆڤەکارانی سەربازی پێداچوونەوەیان بۆ کردووە، ئاماژە بەوە دەکەن، ئێران لەم دواییانەدا چەندین سەکۆی هاویشتنی مووشەکی زەوی بە ئاسمان، بە سیستمەکانی ئێس-300یشەوە، لە نزیک دامەزراوە ئەتۆمییە سەرەکییەکانی وەک نەتەنز و فۆردۆ جێگیر کردوونەتەوە.
 
هەندێک لەم سیستمانە مانگی رابردوو لە کاتی ئاهەنگە سەربازییەکاندا لە تاران بە ئاشکرا نمایش کران و مانگی شوبات یەکەیەکی ئێس-300 نمایش کرا، کە مووشەکێکی زەوی بە ئاسمانی لە کاتی مانۆڕێکی سەربازیدا هاویشت، بە بەکارهێنانی رادارێکی نوێی دروستکراوی ئێرانی، کە رەنگە لەبەر ئەوە بێت رادارە رووسییە رەسەنەکەی لەکارکەوتبێت.
 
نیکۆڵ گرایڤسکی، لە پەیمانگەی لێکۆڵینەوەی کارینگی بۆ ئاشتی لە واشنتن گوتی، "بێگومان ئێران دەیەوێت ئەو قسەیە رەتبکاتەوە کە دەڵێت بەرگرییە ئاسمانییە پێشکەوتووەکانی وێران بوون."
 
چەند رۆژێک لەمەوبەر محەمەد باقری، سوپاسالاری ئێران ستایشی ئامادەکاریی تارانی بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان کرد.
 
بەرپرسە سەربازییەکە گوتی، "پێشکەوتنێکی بەرچاو لە توانا و ئامادەیی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتدا دەبینین،" راشیگەیاند، "وەبەرهێنان لە بواری پڕچەککردندا دوو هێندە کراوە."
 
باقری هەروەها گوتی، "پێویستە دووژمنانی ئێران ئەوە بزانن کە هەر پێشێلکارییەک دژی ئاسمانی وڵاتەکەمان بکرێت، زیانێکی گەورەیان پێدەگەیێنێت."
 
سەرەڕای بەردەوامیی گفتوگۆکان لەگەڵ واشنتن سەبارەت بە داهاتووی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە لە ماوەی خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا لە رێککەوتنێکی ئەتۆمی پێشوو کشایەوە، چەندین جار هەڕەشەی کردووە کە ئەگەر ئێران بە رێککەوتن بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆتوبەند نەکات، ئەوا دەبێت چاوەڕێی هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا بکات. 
 
واشنتن داوای لە تاران کردووە پیتاندنی یۆرانیۆم بوەستێنێت کە بە کارێکی پێویستی دەزانێت بۆ رێگریکردن لەوەی ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، لە کاتێکدا ئێران پێداگرە لەسەر ئەوەی دەبێت بۆ مەبەستی "ئاشتییانە" بەردەوام بێت لە پەرەپێدانی مادە تیشکدەرە ئەتۆمییەکە. 
 
نیسانی ئەم ساڵ، ئەمریکا 6 بۆمبهاوێژی جۆری "بی-2"ی ناردە ناوچەکە، کە ئەوە یەکەم جار بوو هێندە فڕۆکەی پێشکەوتووی لەو جۆرە لە شوێنێکی دەرەوەی ئەمریکا جێگیربکرێن. فڕۆکەکان لە بنکەی دیێگۆ گارسیان لە زەریای هیندی، کە پێشبینی دەکرێت خاڵی دەستپێکی هەر گورزێک بێت بۆسەر ئێران.
 
هاوتەریب لەگەڵ ئەم پێشهاتانە، ئیسرائیل گوشار دەخاتە سەر ئەمریکا بۆ ئەوەی ئەگەر هێرشی کردە سەر ئێران، پشتیوانی لێ بکات. 
 
رۆژنامە بەریتانیاکە ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر ئیسرائیل هەست بکات ترەمپ بە رێککەوتنێکی ئەتۆمی رازی دەبێت کە پێچەوانەی خواستی ئیسرائیل بێت، ئەوا رەنگە بێ رەزامەندیی واشنتن هێرش بکاتە سەر ئێران.
 
لە هێرشەکانی ساڵی رابردوودا، ئیسرائیل بنکەکانی رادار و مووشەکەکانی ئێرانی بە مووشەکی بالیستی کردنە ئامانج.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە