رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی فریاکەوتنی ئێران دەڵێت، لە 6 رۆژی رابردوودا هەورەبرووسکە، زریان و رەشەبا بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی 7 کەس و برینداربوونی 67 کەسی دیکە.
رۆژی شەممە 3ی ئایاری 2025 بابەک یەکتاپەرەست، گوتەبێژی فریاکەوتنی ئێران رایگەیاند، "لە یەکشەممەی رابردووەوە تاوەکو دوێنێ هەینی، لە 6 پارێزگای وڵات 7 کەس لە ئەنجامی هەورەبرووسکە، زریان و رەشەبای بەهێز گیانیان لەدەستداوە و 67 کەسیش بریندار بوون."
یەکتاپەرەست ئاماژەی بەوەش کرد، "4 کەس لەوانەی گیانیان لەدەستداوە بەهۆی با و زریانی بەهێز و کەوتنەوەخوارەوەی شتی قورس بەسەریاندا بووە؛ سیانەکەی دیکەش بەهۆی هەورەبرووسکەوە بووە."
بە گوتەی گوتەبێژی فریاکەوتنی ئێران، گیانلەدەستدان و برینداربوونی ئەو کەسانە لە پارێزگاکانی تاران، خۆراسانی باشوور، خۆراسانی رەزەوی، مازندەران، مەرکەزی و ئەلبورز بووە.
یەکتاپەرەست رایگەیاند، "زۆرترین بریندار لە تاران بووە و 53 کەس لەو پارێزگایە بەهۆی هەورەبرووسکە، با و زریانی بەهێز بریندار بوون؛ لە خۆراسانی باشوور 7 کەس، لە مازندەران 3 کەس، لە مەرکەزی 2 کەس، لە ئەلبورز کەسێک و لە خۆراسانی رەزەویش کەسێک بەهۆی ئەو رووداوە سرووشتیانەوە بریندار بوون."
کەشناسیی ئێران دەڵێت، لە رۆژانی رابردوودا خێرایی با لە هەندێک شاری ئەو وڵاتە زیاتر لە 120 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ