ئێران وەڵامدانەوەی هێرشەکەی ئیسرائیلی پەسند کردووە

03-11-2024
فوئاد رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەندامێکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران وەڵامدانەوەی هێرشەکەی ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران پەسند کردووە.
 
ئیسماعیل کەسەری، ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران لەبارەی کاتی وەڵامدانەوەی ئێران بۆ هێرشەکەی ئیسرائیل بە میدیای ناوخۆی وڵاتەکەی راگەیاند، کاتی وەڵامدانەوە لە ئەستۆی هێزە چەکدارەکانە، چۆن هێرشەکە دەکرێت و چۆن دەبێت پەیوەستە بە پلانەکە، کات و شوێنی هێرشەکەش لە ئەستۆی پلانداڕەێژەران دەبێت.
 
ئیسماعیل کەوسەری کە پێشتر فەرماندە بووە لە سوپای پاسداران، دەشڵێت، گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە حکومەتی ئێران لە هێرشی نوێی سەربازی بۆ سەر ئیسرائیل "رۆڵی گرنگ"یان دەبێت و وەڵامی سەربازیی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بە هاوکاری هێزەکانی بەرەی مقاوەمە یەکلابووەتەوە. 
 
بە گوتەی کەوسەری، ئەم هێرشە بەدڵنیاییەوە "زۆر قورستر" دەبێت لە هێرشەکانی پێشتر، بەڵام کات و چۆنیەتی وەڵامدانەوەکە هێشتا دیارینەکراوە و پلانی وەڵامدانەوە بە هاوئاهەنگی هێزەکانی بەرەی مقاوەمە جێبەجێ دەکرێت. 
 
حکومەتی ئێران لە دوایین هێرشی سەربازی بۆ سەر ئیسرائیل کە بە "بەڵێنی سادق2" ناساندی، نزیکەی 180 مووشەکی بالیستی ئاڕاستەی ئیسرائیل کرد کە بەپێی تەلئەڤیڤ هەندێک زیانی بە دامەزراوە سەربازی و مەدەنییەکانی ئیسرائیل گەیاند و کرێکارێکی فەلەستینیش لە کەرتی رۆژئاوا بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پارچەی مووشەکێکی ئێرانی، گیانی لەدەستدا. 
 
سوپای ئیسرائیل لە وەڵامی ئەو هێرشە لە 26ی مانگی رابردوو بە زیاتر لە 100 فڕۆکەی سەربازی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر چەندین دامەزراوەی سەربازی ئێران و شارەزایانی سەربازی بە لێکدانەوەی وێنەی مانگە دەستکردەکان رایانگەیاند، زیانی زۆر بە سیستمی بەرگریی ئاسمانی و ناوەندە سەربازییەکانی ئێران گەیشتووە.
 
ئیسرائیل هەڕەشە دەکات کە ئەگەر ئێران هێرش بکاتەوە سەر ئیسرائیل، وەڵامی تووندتری بۆ حکومەتی ئێران بەپێی ئەو ئامانجانە دەبێت کە پێشتر دیاری کردبوون.
 
بەگوێرەی هەندێ زانیاری، ئیسرائیل پێشتر پلانی هەبوو بنکە ئەتۆمی و دامەزراوە نەوتییەکانی ئێرانیش بکاتە ئامانج، بەڵام کابینەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، بەرپرسانی ئیسرائیلیان لە کردنە ئامانجی ئەو شوێنانە پاشگەز کردووەتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فاتمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران

ئێران دەڵێت بێ ئیرادەیی سوپای سووریا هۆکاری کەوتنی ئەسەد بوو

حکومەتی ئێران دەڵێت، هۆکاری سەرەکی بۆ کەوتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و گۆڕینی رژێم لەو وڵاتە، "بێهێزی و نەبوونی ئیرادە" لە نێو سوپای ئەو وڵاتە بووە. دەشڵێت، دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان تاران و دەسەڵاتی نوێ لە دیمەشق بەندە بە هەڵسوکەوتەکانی لایەنی بەرامبەر.