زانکۆیەکی ئەمریکی کچەکەی لاریجانیی دوورخستەوە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی "پەیوەندییەکانی بە بەرپرسانی باڵای ئێران،" زانکۆیەکی ناسراوی ئەمریکا بڕیاریدا کچی سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە کارەکەی دووربخاتەوە. چالاکڤانان دەڵێن، جگە لە دەرکردنی، هەوڵدەدەن مۆڵەتی پزیشکییەکەشی لێ وەربگیرێتەوە.
 
بەگوێرەی بەڵگەنامەیەکی فەرمی، کە لەلایەن ساندرا وۆنگ، راگری کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی ئیمۆری (Emory University) بڵاوکراوەتەوە، فاتمە لاریجانی، کچی عەلی لاریجانی لە کارەکەی وەکو پزیشک لەو زانکۆیە دوورخراوەتەوە.
 
لە نامەیەکی زانکۆکەدا، کە رۆژی 24-01-2026 دەرچووە، راگری کۆلێژەکە دوورخستنەوەی فاتمە لاریجانی پشتڕاستکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو "کچی یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی حکومەتی ئێرانە" و چیدی کارمەندی زانکۆکە نییە.
 
هاوکات لەگەڵ بڕیارەکە، پڕۆفایلی پزیشکی و ناوی کچەکەی لاریجانی لە ماڵپەڕی فەرمیی زانکۆ و ناوەندە تەندروستییەکانی ئیمۆری سڕدراوەتەوە.
 
ئەم بڕیارەی زانکۆکە دوای زنجیرەیەک گوشار و کەمپینی چالاکڤانانی ئێرانی و ئەمریکی دێت. ئەو چالاکڤانانە نامەی فەرمییان ئاراستەی زانکۆی ئیمۆری و "بۆردی پزیشکیی جۆرجیا" کردووە و داوایان کردووە نەک تەنیا لە کارەکەی دەربکرێت، بەڵکو مۆڵەتی پزیشکییەکەشی لێ وەربگیرێتەوە.
 
لە دەقی یەکێک لە سکاڵاکاندا هاتووە: "داوای دوورخستنەوەی دکتۆر فاتمە لاریجانی و هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی پزیشکییەکەیمان کردووە. باوکی ئەو (عەلی لاریجانی)، بەرپرسێکی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە بە ئاشکرا داوای تووندوتیژی دژی ئەمریکییەکان دەکات."
 
لە بەشێکی دیکەی سکاڵاکەدا هاتووە: "پەیوەندییەکانی فاتمە لاریجانی لەگەڵ گەورەترین دەوڵەتی پشتیوانیکەری تیرۆر لە جیهاندا قبووڵکراو نییە. بوونی ئەو لەو پۆستەدا تەنیا دەبێتە هۆی تێکدانی سەلامەتیی نەخۆشەکان، لەدەستدانی متمانەی گشتی و دروستکردنی مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی."
 
دوورخستنەوەی فاتمە لاریجانی، لە کاتێکدایە لە 28-12-2025 خۆپیشاندان دژی گرانی و دابەزینی بەهای تمەن لەلایەن کاسبکارانی تارانەوە دەستیپێکرد و دواتر گەیشتە پارێزگاکانی دیکە و تووندوتیژی لێکەوتەو.
 
بەپێی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران هرانا،  کوژرانی پێنج هەزار و 459 کەس پشتڕاستکراوەتەوە و بەدواداچوون بۆ کوژرانی زیاتر لە 17 هەزار و 31 کەسی دیکەش دەکرێ، بەڵام حکومەت تەنیا دان بە کوژرانی 3117 کەس دادەنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی خۆپێشاندان لە تاران

نەتەوە یەکگرتووەکان: دەبێت ئێران کۆتایی بە سەرکوتکارییەکانی بهێنێت

ڤۆڵکەر تورک، کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، لە چەند هەفتەی رابردوودا لە ئێران هەزاران کەس کوژراون کە منداڵیشیان تێدایە؛ دەشڵێت، "تووندوتیژی کێشەکانی ئێران چارەسەر ناکات."