رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران (هرانا) ئاماری نوێی قوربانییانی خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە ماوەی 28 رۆژدا کوژرانی 5459 کەس پشتڕاست کراوەتەوە؛ ئەمەش نزیکەی دوو هەزار و 400 کەس زیاترە لەو ئامارەی حکومەت بە فەرمی رایگەیاندووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 25-01-2026، ئاژانسی هرانا لە راپۆرتێکدا وردەکاریی زیانی گیانیی خۆپێشاندانەکانی بڵاوکردەوە، کە لە 28ی کانوونی یەکەمی 2025ـەوە دەستیانپێکرد.
بەگوێرەی ئامارەکە، تاوەکو دوێنێ شەممە، کوژرانی 5459 کەس پشتڕاستکراوەتەوە، کە 60ـیان منداڵن و 208 کەسیشیان لە هێزە ئەمنییەکانن.
هەرانا ئاماژەی بەوەش کردووە، جیا لەو ژمارەیە، بەدواداچوون بۆ پشتڕاستکردنەوەی کوژرانی 17 هەزار و 31 کەسی دیکە دەکرێت، کە هێشتا بەڵگەی تەواو لەبارەیانەوە کۆنەکراوەتەوە.
لەبارەی دۆخی بریندار و دەستگیرکراوەکان، ئاژانسەکە رایگەیاندووە برینی حەوت هەزار و 403 کەس لە خۆپێشاندەران سەختە.
هەروەها ئاژانسەکە ئاشکرای کردووە، تاوەکو ئێستا 40 هەزار و 887 خۆپێشاندەر لە شارە جیاوازەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراون.
ئاماری حکومەت چییە؟
ئامارەکەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەکاتێکدایە، رۆژی چوارشەممە 21ـی کانوونی دووەم، ئەنجوومەنی ئاسایشی ئێران لە راگەیێندراوێکدا ژمارەی قوربانییانی بە 3117 کەس راگەیاند.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی حکومەت، لەو ژمارەیە "دوو هەزار و 427ـیان خەڵکی بێتاوان و هێزە ئەمنییەکان بوون."
خۆپێشاندانەکان کە سەرەتا لەلایەن کاسبکارانی تارانەوە دژی گرانی و دابەزینی بەهای تمەن دەستیپێکرد، دواتر پەرەی سەند و تووندوتیژی زۆری لێکەوتەوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران، لە خۆپێشاندانەکاندا زیان بە 250 قوتابخانە، 300 مزگەوت، 90 مەڵبەندی زانستیی شیعە (حەوزەی عیلمییە)، 2221 ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان گەیشتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ