رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ئامارێکی نوێی لەبارەی قوربانییانی خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکردەوە و دەڵێت، کوژرانی زیاتر لە شەش هەزار کەس پشتڕاست کراوەتەوە کە 86یان منداڵ بوون و زیاتر لە 41 کەسیش دەستگیرکراون.
ئەمڕۆ سێشەممە 27-01-2026، ئاژانسی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران (هرانا) لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، تاوەکو دوێنێ دووشەممە، کوژرانی شەش هەزار و 126 کەس لە خۆپێشاندانەکاندا پشتڕاست کراوەتەوە.
بەگوێرەی ئامارەکەی هرانا، لەنێو کوژراوەکاندا 86 منداڵ هەن، هەروەها 214 کوژراویش لە ریزەکانی هێزە ئەمنییەکاندان.
هرانا باس لەوە دەکات، بەدواداچوون بۆ پرسی کوژرانی 17 هەزار و 91 کەسی دیکە دەکەن کە بەڵگەی تەواو لەبارەیانەوە کۆنەکراوەتەوە.
سەبارەت بە بریندار و دەستگیرکراوانیش ئاماژە بەوە کراوە، 11 هەزار و نۆ کەس برینداربوون کە برینی بەشێکیان سەختە؛ هەروەها 41 هەزار و 880 خۆپێشاندەر لە شارە جیاوازەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراون.
ئەم ئامارانەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە کاتێکدایە، رۆژی 21ـی کانوونی دووەم، ئەنجوومەنی ئاسایشی ئێران کۆی گشتیی قوربانییانی بە سێ هەزار و 117 کەس راگەیاند کە "دوو هەزار و 427ـیان خەڵکی بێتاوان و هێزە ئەمنییەکان بوون".
خۆپێشاندان رۆژی 28-12-2025 لەلایەن کاسبکارانی تارانەوە دژی گرانی و دابەزینی بەهای تمەن دەستیپێکرد، بەڵام دواتر پەرەی سەند و تووندوتیژی لێکەوتەوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران، لە خۆپێشاندانەکاندا زیان بە 250 قوتابخانە، 300 مزگەوت، 90 حەوزەی عیلمییە و دوو هەزار و 221 ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان گەیشتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ