ئێران بۆ فەرەنسا: کرداری بێڕێزیتان بە خامنەیی بێ وەڵام نامێنێتەوە

05-01-2023
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی گۆڤارێکی فەرەنسی وێنەی کاریکاتێری عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێرانی بڵاوکردەوە؛ ئێران هۆشداریی دایە فەرەنسا و دەڵێت، "کرداری بێڕێزیتان بێ وەڵام نامێنێتەوە." 
 
گۆڤاری هەفتانەی شارلی ئیبدۆ لە مانگی کانوونی یەکەمی 2022دا چەند وێنەیەکی کاریکاتێریی عەلی خامنەیی "بۆ پاڵپشتیکردن لە خۆپێشاندانەکان" لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکردەوە.
 
رۆژی چوارشەممە 4ی کانوونی دووەمی 2023، حوسێن ئەمیر عەبدوڵلاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تویتێکدا لەوبارەیەوە نووسی، "ئەو کردارە قێزەون و بێڕێزانەی چاپەمەنییەکی فەرەنسی لە بڵاوکردنەوەی کارتۆن لە دژی بەرپرسانی سیاسی و ئاینی بەبێ کاردانەوە و وەڵامی یەکلاکەرەوە نامێنێتەوە."
 
وەزیری دەرەوەی ئێران دەشڵێت، "رێگە بە حکومەتی فەرەنسا نادەین سنوورەکانی ببەزێنێت. بە دڵنیاییەوە ئەوان رێگەیەکی هەڵەیان هەڵبژاردووە."
 
دوای ئەوەش، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لەسەر ئەو بابەتە بانگهێشتی نیکۆلاس رۆش، باڵیۆزی فەرەنسا لە تارانیان کردووە.
 
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، "فەرەنسا هیچ مافێکی نییە بێڕێزی بەرامبەر وڵاتە موسڵمانەکانی دیکە و وڵاتانی دیکە لەژێر ناوی ئازادیی رادەربڕیندا بکات."
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەشڵێت، ئێران چاوەڕێی روونکردنەوەیەکە لە حکومەتی فەرەنسا و چاوەڕوانی "سەرکۆنەکردنی هەڵسوکەوتە قبووڵنەکراوەکەی چاپەمەنییە فەرەنسییەکە دەکات."
 
لای خۆشیەوە، نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پاڵپشتیی خۆی بۆ گۆڤارەکە دەربڕی و گوتی، "تەنیا لە لایەنی ئازادیی رادەربڕین هەڵوێست دەردەبڕین و ئازادیی رادەربڕین بەهایەکە و مافێکی گشتگیرە کە ئێمە دەیپارێزین و پشتگیریی دەکەین." گوتیشی، جا ئەوە لە فەرەنسا بێت، لە ئێران بێت، یان لە هەر شوێنێکی دیکە بێت.
 
گۆڤاری شارلی ئیبدۆ لە نێوخۆ و دەرەوەی فەرەنسا بە کارە هەراسانکارەکانی ناسراوە؛ لە ساڵی 2015دا دوای ئەوە کاریکاتێری لەسەر پێغەمبەری ئیسلام، محەممەد (د. خ) بڵاوکردەوە، هێرشکرایە سەر گۆڤارەکە و 12 کەسیان کوشت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 د. شلێر رەشیدی، چالاکڤانی مافی ژنان و پسپۆڕی کۆمەڵناسیی سیاسی

د. شلێر رەشیدی: لە ئێران تووندوتیژیی دژی ژنان لە زیادبووندایە

چالاکڤانی مافی ژنان و پسپۆڕی کۆمەڵناسیی سیاسی، د. شلێر رەشیدی رایگەیاند، هۆکاری سەرەکیی زیادبوونی تووندوتیژی دژی ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ئەو بۆشاییە قووڵەیە کە لەنێوان "ئاستی بەرزی تێگەیشتنی ژنان" و "یاسا و دابونەریتە کۆنەکان"دا دروست بووە.