دادی ئێران: لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژاوەگێڕاندا هیچ نەرمی نواندنێک نییە

05-01-2026
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

غوڵامڕەزا موحسینی ئیژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران دەڵێ، ئەمریکا و ئیسرائیل بە فەرمی پشتیوانی لە خۆپێشاندەران دەکەن، بۆیە ئەوانیش چی دیکە نەرمی لە بەرامبەر ئەو بەشەدا نانوێنن کە "ئاژاوەگێڕن". 
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 5ی کانوونی دووەمی 2025، غوڵامڕەزا موحسینی ئیژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای دادی وڵاتەکە باسی ناڕەزایی و خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییە کرد و رایگەیاند: "ئێمە دەنگی ناڕازییەکان و رەخنەگران دەبیستین کە هەندێک جار بە حەق و بە دروستی خەمی بژێوی ژیان و دۆخی ئابوورییان هەیە. بەڵام بە تووندی و بە پێی یاسا رووبەڕووی ئەو کەسانە دەبینەوە کە دەیانەوێ کەشەکە بۆ دروستکردنی ئاژاوە بقۆزنەوە و ئاسایشی وڵات و خەڵک تێکبدەن."
 
غوڵامڕەزا موحسینی ئیژەیی بەشێکی لە خۆپێشاندەرانی ئەم دواییەی وڵاتەکەی بە "ئاژاوەگێر" ناوبرد و گوتی، چی دیکە لە بەرامبەر ئەو گرووپەدا بێدەنگ نابن.
 
بە گوتەی موحسینی ئیژەیی، ئەمریکا و ئیسرائیل بە فەرمی و بە ئاشکرا پشتیوانییان بۆ خۆپێشاندەران دەربڕیوە و هەربۆیە "چی دیکە نەرمی بەرامبەر ئاژاوەگێڕان نانوێنین."
 
ئیژەیی دەڵێ: "ئەگەر پێشتر نەرمییەکمان بەرامبەر ئاژاوەگێڕان نواندبێ، پێویستە بزانن لەمەودوا ئەو نەرمی نواندنە نابینن."
 
سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران ئاماژە بەوەش دەکات، فەرمانی بە داواکاری گشتیی ئێران و پارێزگاکان کردووە کە بە تووندی رووبەڕووی ئەو کەسانە ببنەوە یارمەتیی "ئاژاوەگێرەکان" دەدەن و هیچ نەرمییەک لە بەرامبەریاندا نەنوێنن؛ هەروەها داوای کردووە، داواکارە گشتییەکان بە هاوکاریی هێزە ئەمنی و هەواڵگرییەکان، کەسە سەرەکییەکان و ئەوانەی لە پشت خۆپێشاندانەکانەوەن دەستنیشان بکەن، بۆ ئەوەی دەستگیربکرێن و ببرێنە دادگە.
 
غوڵامڕەزا موحسینی ئیژەیی داوای کرد، پەلە بکرێ لە دادگەییکردنی ئەو خۆپێشاندەرانەی تاوەکو ئێستا دەستگیرکراون، بۆ ئەوەش پێویستە سەرۆکانی دەسەڵاتی دادی پارێزگاکان هۆبەی تایبەت بۆ دادگەییکردنی ئەو کەسانە تەرخان بکەن.
 
ئیژەیی گوتی: "دۆسیەی ئەو ئاژاوەگێڕانەی لەکاتی ئاژاوەگێڕییەکاندا تاوانی دیکەیان ئەنجامداوە و چەک و ئامرازی تووندوتیژییان پێبووە، پێویستە دەستبەجێ و بە وردی مامەڵەی لەگەڵ بکرێ و لە دادگاکاندا تەواو بکرێ. کاتێک ئەو دۆسیانە دەنێردرێن بۆ دادگەکان، نابێت دواکەوتن لە ئەنجامدانی دانیشتنی دادگاییکردن و دەرکردنی بڕیار بۆ ئەو ئاژاوەگێڕانە هەبێ؛ نابێت شتی وا بێت کە دوای شەش مانگ بڕیارێک بۆ ئاژاوەگێڕێک دەربکرێ کە لە کاتی ئاژاوەگێڕییەکاندا تاوانی دیکەی ئەنجامداوە. ئەمە نابێتە هۆی رێگریکردن."
 
ئەمە لە کاتێکدایە، گردبوونەوە و ناڕەزاییەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان پێی ناوەتە هەفتەی دووەم کە تاوەکو ئێستا 25 پارێزگا و 60 شاری گرتووەتەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە