رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، "گرووپە جوداخوازەکان هەڵە بکەن دەیانخەینە زبڵدانی مێژوو."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ی ئاداری 2026، محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵاتی ئێکس رایگەیاند:" ئەمریکا دەیەوێت قومار لە سەر سەرمایە و دارایی خۆی بکات بۆ بەرگریی لە ئیسرائیل."
قالیباف گوتی:" هەرکەسێک ژیرانە بیربکاتەوە نایەتە ناو ئەو کوشتارگەیە."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر گرووپە جوداخوازەکان هەوڵ بدەن و هەڵەیەک بکەن جارێکی دیکە دەیانخەینە زبڵدانی مێژوو."
ئەوە لە کاتێکدایە، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، لە هەڤپەیڤینێکی تەلەفۆنی دا پرسیاری لە سەرۆکی ئەمریکا کردووە کە چی دەڵێت، ئەگەر هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هێرشی زەوینی بکەن، ترەمپ لە وەڵامدا گوتوویەتی: "پێموایە شتێکی ناوازە دەبێت، ئەگەر بیانەوێ بیکەن."
شەوی چوارشەممە چەند میدیایەکی ئەمریکی و ئیسرائیلی هەواڵی هەڵەیان بڵاوکردەوە کە گوایە "هەزاران کورد" دەستیان بەهێرشی زەوینی بۆ نێو رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە. بەڵام هەر زوو تۆڕی میدیایی رووداو بەدواداچوونی بۆ هەواڵەکە کرد و روون بووەوە کە راستییەکە ئەوەیە هیچ هێزێکی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان نەچوونەتە ئەودیو سنوور. دوای ئەوە، بەشێکی میدیای ئەمریکی راپۆرتە هەڵەکانیان سڕینەوە.
پرسیار لە ترەمپ کراوە کە ئایا ئەگەر هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هێرشی زەوینی بکەن، ئەمریکا لە ئاسمانەوە دەیانپارێزێ؟ سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامدا گوتوویەتی: "من ناتوانم ئەوەتان پێبڵێم،" بەڵام ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانج لە بەشداربوونی کورد "بردنەوە دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ