رووداو دیجیتاڵ
دەستەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران رەتیدەکاتەوە هیچ مووشەکێکیان ئاراستەی خاکی تورکیا کردبێت و رایدەگەیێنن، رێز لە سەروەریی تورکیا دەگرن. ئەوەش دوای ئەوە دێت ئەنقەرە رایگەیاند، مووشەکێکی بالیستیی ئێرانییان لە رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست تێکشکاندووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 05-03-2026، دەستەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە هەڵدانی مووشەک بەرەو خاکی تورکیا دەکەن و رایگەیاند: "هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران رێز لە سەروەریی وڵاتی دراوسێ و دۆست، تورکیا دەگرن و رەتی دەکەینەوە هیچ جۆرە مووشەکێکمان ئاراستەی خاکی ئەو وڵاتە کردبێت."
ئەم کاردانەوەیەی تاران دوای ئەوە دێت، رۆژی چوارشەممە وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، مووشەکێکی بالیستی کە لە خاکی ئێرانەوە هاوێژرابوو و بە ئاسمانی عێراق و سووریادا تێپەڕیبوو، لەلایەن سیستمە بەرگرییەکانی ناتۆوە لە رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست تێکشکێندراوە.
رووداوەکە بووەتە هۆی دروستبوونی گرژیی دیپلۆماسی لەنێوان هەردوو وڵاتدا. هەر دوێنێ چوارشەممە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ عەباس عێراقچی، هاوتا ئێرانییەکەی، ناڕەزایەتیی تووندی ئەنقەرەی گەیاند و داوای کرد لایەنەکان "خۆیان لە هەر هەنگاوێک بپارێزن کە ببێتە هۆی پەرەسەندنی پێکدادانەکان لە ناوچەکەدا."
هاوکات، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە راگەیێندراوێکی توونددا جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا بۆ پاراستنی خاک و ئاسمانی خۆی "بەبێ دوودڵی هەموو هەنگاوێکی پێویست دەنێت و وەڵامی هەر هەڵوێستێکی دوژمنکارانە دەداتەوە."
وەک کاردانەوەیەکی کردەیی، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، محەممەد حەسەن حەبیبوڵڵازدە، باڵیۆزی ئێرانی لە ئەنقەرە بانگهێشت کرد و ناڕەزایەتیی فەرمیی وڵاتەکەی لەبارەی رووداوەکە پێ گەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ