دۆخی ئیلام ئاڵۆزتربوو و سەرۆککۆمار بڕیاری دەرکرد

دوێنێ کاژێر 09:11
هیوا جەمال
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئاڵۆزییەکان لە پارێزگەی ئیلام زیادیان کردووە، ناڕەزایی لە شارەکانی دیکە بەردەوامە. سەرۆککۆماری ئێرانیش داوای لێکۆڵینەوە و راپۆرتێکی ورد و گشتگیر دەکات. 
 
شەوی رابردوو لە دوو شاری پارێزگەی ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان و چەند شارێکی ئێران، ناڕەزایی و ئاڵۆزییەکان بەردەوام بوون.
 
لە شاری ئیلام، ناوەندی پارێزگای ئیلام و هەروەها لە شاری شاباد لە هەمان پارێزگا، دیسان ئاڵۆزی لە نێوان خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا دروستبوو.
 
لە شارە ئێرانییەکان، لە مشکان لە پارێزگای فارس، لە شاری یاسووج لە پارێزگای کۆهگیلۆیە و بۆیر ئەحمەد، لە شاری سارێ ناوەندی پارێزگای مازەندەران و هەروەها لە تارانی پایتەختی ئێران ناڕەزایی و نائارامی هەبوو.
 
لە شاری شابادی ئیلام، لە کاتی ناڕەزاییەکاندا، لەنێوان خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا ئاڵۆزی دروستبوو. لە شاری سارێش هێزە ئەمنییەکان کەسێکیان دەستگیرکرد، خەڵکەکە ئەو کەسەیان لە دەستی هێزە ئەمنییەکان رزگارکرد، لەو کاتەدا ئاڵۆزی دروستبوو و ئۆتۆمبێلێکی پۆلیس سووتێندرا.
 
لە هەموو ئەو شارانەی دیکەش کە شەوی رابردوو ناڕەزاییان تێدابوو، پێکدادان لە نێوان خەڵک و هێزە ئەمنییەکاندا روویدا.
 
بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، ئێران ئینتەرنێتی لە زۆربەی شارەکان سنووردار کردووە و لە هەندێک شاریش بەتەواوی بڕیوە. بەپێی ئەو زانیارییانەی هاونیشتمانییان لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە داویانە، ئەوان جارێکی دیکە سوود لە فیلتەرشکێنەکان وەردەگرن بۆ بەکارهێنانی ئینتەرنێت.
 
وەزیری پەیوەندییەکان و تەکنەلۆژیای ئێران رایگەیاند، بڕین و سنووردارکردنی ئینتەرنێت پەیوەندی بە دۆخی ناوخۆیی وڵاتەوە هەیە.
 
هەرچەندە ئێران سەبارەت بە ژمارەی کوژراو و دەستگیرکراوان هیچ ئامارێکی فەرمی بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام بەپێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران (HRANA)، لە ماوەی 8 رۆژی خۆپێشاندانەکاندا، 19 خۆپێشاندەر کوژراون و 900 کەسیش دەستگیرکراون.
 
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاویش دەڵێت، لەو 19 کوژراوە، 16 کەسیان کوردن.
 
مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لەبارەی نائارامییەکانی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان بڕیاریداوە لیژنەیەک دروست بکات، لیژنەکە لێکۆڵینەوە بکەن و راپۆرتێکی ورد و گشتگیری بۆ ئامادە بکەن. 
 
مەسعوود پزیشکیان لە وەزیری ناوخۆی ئێرانی خواست، لیژنەیەکی تایبەت پێکبهێنێت و هەموو لایەنەکانی رووداوەکانی پارێزگای ئیلام لێکۆڵینەوە بکات و راپۆرتەکەی بداتە سەرۆککۆمار.
 
پزیشکیان ویستوویەتی ئەو لیژنەیە لە بەرپرسانی پەیوەندیدار پێکبێت، هەموو لایەنەکانی ئەو رووداوە و هۆکارەکانی روودانی ئەو نائارامییانە بە شێوەیەکی ورد و شارەزایانە لێکۆڵینەوەیان بۆ بکرێت.
 
سەرۆککۆماری ئێران داوای کردووە هۆکار و زەمینەی دروستبوونی ئەو ئاڵۆزییانە و هەروەها شێوازی رووبەڕووبوونەوەیان روون بکرێتەوە، ئەنجامی ئەوەش لە راپۆرتێکدا پێشکەشی نووسینگەی سەرۆککۆمار بکرێت.
 
لە بڕیارنامەکەیدا، پزیشکیان جەختی لەسەر روونکردنەوەی ورد بۆ زانینی راستییەکان و دۆخی مەیدانی و هەروەها گوێگرتن لە بۆچوونە جیاوازەکان و لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەن کردووەتەوە.
 
هاوکات عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە وەڵامی هەڕەشەکانی سەرۆکی ئەمریکادا رایگەیاند، دووبارەکردنەوەی هەر ئەزموونێکی شکستخواردوو دووبارە هەر بە شکست کۆتایی دێت. ئەم لێدوانە دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ هۆشداریی دابوو ئەگەر ئێران خۆپێشاندەران بکوژێت، ئەمریکا بە تووندی لە ئێران دەدات.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە