رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، یەکەمین کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەو وڵاتە بە ناوی "کەشتیی فڕۆکەهەڵگری شەهید بەهمەن باقری"، رادەستی هێزی دەریایی سوپای پاسداران کرا.
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکە ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 6ـی شوباتی 2025) لە رێوڕەسمێکدا لە شاری بەندەرعباس رادەست کراوە.
لە رێوڕەسمەکەدا، ئەمیر نەسیرزادە، وەزیری بەرگریی ئێران، محەممەد باقری، سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران، حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی سەربازیی ئەو وڵاتە ئامادە بوون.

کەشتیی فڕۆکەهەڵگری شەهید بەهمەن باقری، درێژییەکەی 240 مەتر، پانییەکەی 27 مەتر و بەرزییەکەی 21 مەترە. درێژیی رێڕەوی فڕینەکەشی 180 مەترە.
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، ئەم فڕۆکەهەڵگرە نوێیە، دەتوانێت 60 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سەربازی لەسەر جێگیربکرێت.هەروەها هێلیکۆپتەر دەتوانێت لەسەر کەشتییەکە دا بنیشێتەوە، یان لێیەوە بفڕێت.
کەشتییەکە، توانای هەڵگرتنی 8 مووشەکی کرووزی دژەکەشتی و چەندین مووشەکی دژەفڕۆکەشی هەیە. لەسەر کەشتییەکە سیستمی جەنگیی ئەلیکترۆنی، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی و تۆپخانەیەک هەیە.

هەروەها کەشتییەکە نەخۆشخانەیەکی تایبەتی هەیە کە لە هۆڵێکی نەشتەرگەری، بەشی چاودێریی چڕ و پزیشکیی ددان پێکدێت.
دەتواندرێت کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکە لە ئۆپەراسیۆنی دەریایی و ئاسمانی، بۆ دابەشکردنی هاوکاریی مرۆییش بەکاربهێندرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ