سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران: 80 هەزار کەس بەر لێخۆشبوونەکەی خامنەیی کەوتوون

06-03-2023
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایگەیاند، زیاتر لە 80 هەزار کەس بەهۆی لێخۆشبوونی رێبەری ئێرانەوە لە زیندانەکاندا ئازاد کراون، کە بەشێکی زۆریان خۆپێشاندەرن.
 
غوڵامحوسێن موحسینی ئێژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بە ماڵپەڕی رێبەری باڵای ئێرانی گوتووە، "ژمارەی ئەوانەی بەر لێخۆشبوونی [عەلی خامنەیی] کەوتوون، لە دەستگیرکراوەکانی ناڕەزایەتییەکان و دەستگیرکراوانی دیکە و ئەو کەسانەش کەوا سزاکانیان کەم کراوەتەوە، سنووری 80 هەزار کەسی تێپەڕاندووە."
 
سەرەتای مانگی شووبات راگەیاندنەکانی ئێران بڵاویان کردەوە، 100 هەزار کەس بەر لێخۆشبوون کەوتوون و لەو ژمارەیەش 30 هەزار کەسیان لە خۆپێشاندانەکانی چەند مانگی رابردوودا دەستبەسەر کراون.
 
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لە ناڕەزایەتییەکانی چەند مانگی رابردوودا نزیکەی 60 هەزار کەس دەستگیر کراون، بەڵام هەندێک لە راگەیاندنەکان بەپێی قسەکانی غوڵامحوسێن موحسینی ئێژەیی، دەڵێن رەنگە تاوەکو 100 هەزار خۆپێشاندەریش دەستگیر کرابن.
 
بە گوتەی موحسینی ئێژەیی، بە ئەژمارکردنی ئەو کەسانەش کە لێخۆشبوون لە سکاڵاکەر وەردەگرن، ژمارەی ئەوانەی بەر لێخۆشبوون دەکەون دەگاتە سەرووی 90 هەزار کەسیش.
 
عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران رۆژی 06-01-2023 لێخۆشبوونی بۆ هەزاران کەس لە گرتووخانەکانی ئێراندا دەرکرد.
 
سەبارەت بە ئازادکردنی خۆپێشاندەرە دەستگیرکراوەکان، رێبەری ئێران هەندێک مەرجی دانابوو، لەوانەش، دەبووایە بەڵێن بدەن بەشداری لە چالاکیدا ناکەن یان داواکاری بۆ لێخۆشبوون تۆمار بکەن.
 
لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک لە دەستگیرکراوەکان داوای لێخۆشبوونیان تۆمار نەکرد و ئازاد کران، لەوانەش مەسعود کوردپوور، چالاکڤانی مافەکانی مرۆڤ و زارا محەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی و ژینا مودەڕیس گورجی، چالاکڤانی مافەکانی ژنان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 د. شلێر رەشیدی، چالاکڤانی مافی ژنان و پسپۆڕی کۆمەڵناسیی سیاسی

د. شلێر رەشیدی: لە ئێران تووندوتیژیی دژی ژنان لە زیادبووندایە

چالاکڤانی مافی ژنان و پسپۆڕی کۆمەڵناسیی سیاسی، د. شلێر رەشیدی رایگەیاند، هۆکاری سەرەکیی زیادبوونی تووندوتیژی دژی ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ئەو بۆشاییە قووڵەیە کە لەنێوان "ئاستی بەرزی تێگەیشتنی ژنان" و "یاسا و دابونەریتە کۆنەکان"دا دروست بووە.