رەئیسی بۆ نێچیرڤان بارزانی: هیوادارم ئەم سەردانە ببێتە خاڵی وەرچەرخان لە پەیوەندییەکانماندا

06-05-2024
سینا سۆما
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری کۆماری ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جەختی لە گرنگیی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران کردەوە. هیوای خواست سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی ببێتە خاڵی وەرچەرخان لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە سیاسی، ئەمنی، ئابووری و کولتوورییەکانی نێوان هەردوولا.

رۆژی دووشەممە، 06-05-2024، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تاران پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد و کۆبوونەوە.
 
پێگەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبارەی کۆبوونەوەکە رایگەیاند، ئیبراهیم رەئیسی جەختی لەوە کردەوە "پەیوەندییەکانی کوردستان لەگەڵ ئێران لەسەر بنەمای پەیوەندیی مێژویی، نەتەوەیی، ئایینی و کولتووری دامەزراوە" و بە نێچیرڤان بارزانی گوتووە، "هیوادارام ئەم سەردانە ببێتە خاڵی وەرچەرخان لە باشترکردنی ئاستی پەیوەندییە سیاسی، ئەمنی، ئابووری و کولتوورییەکانی نێوانمان."
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئیبراهیم رەئیسی جەختی لەوە کردەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام گرنگیی بە عێراقێکی بەهێز و یەکگرتوو دەدات: "پاڵپشتیی ئێران بۆ کورد لە کاتی رژێمی سەدام، کۆمەڵکوژیی هەڵەبجە و هێرشی داعش، ئەوە دەسەلمێنێت کە ئێران هەموو کات پاڵپشتی گەورە و دۆستی رۆژە سەختەکانە بۆ عێراق و کوردستان."
 
ئیبراهیم رەئیسی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە گرنگیی سەقامگیری و ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە: ''ئێمە متمانەمان بە نیازپاکی و دۆستایەتیی برا عێراقی و کوردەکانمان هەیە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی رق و کینەی دوژمنان لە نێویاندا رژێمی زایۆنی لە دژی نەتەوەی ئێران، چاوەڕوانین حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بە تەواوی رێگری لە هەر جۆرە خراپ بەکارهێنانێکی خاکەکەیان لە لایەن کەسانی سەر بە زایۆنی دوژمن و کەسانی دژە شۆڕش لە دژی ئێران بکەن".
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سەرۆککۆماری ئێران بۆ جێبەجێکردنی رێکەوتننامەی ئەمنیی نێوان ئێران و عێراق دەستخۆشی لە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد و جەختی لە جێبەجێکردنی تەواوی برگەکانی ئەو رێکەوتننامەیە کردەوە و رایگەیاند: "چەککردنی تەواو و نەمانی کەسانی دژە شۆڕش لە نێو خاکی عێراق پێویستییەکە".
 
ئیبراهیم رەئیسی لە کۆبوونەوەکەدا بە نێچیرڤان بارزانی گوتووە: "ئێران هیچ بەربەستێکی بۆ پەرەپێدانی هاوکارییە ئابوورییەکان و پەیوەندیی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان نییە." جەختیشی لەوە کردووەتەوە: ''سنوورە درێژەکانی نێوان هەردوولا بە دەرفەتێکی بە نرخ دەزانین بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی پەیوەندییەکان، بەڵام ئەمن و ئاسایش پێویستییەکی بنەڕەتییە بۆ هەر جۆرە هاوکاری و پێکەوە کارکردنێک".
 
پێگەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەروەها دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا ئیبراهیم رەئیسی رایگەیاندووە "پێویستە تێروانینی بەرپرسان سەرووتر لە نیازخراپی بیانییەکان بێت و تێپەرێت بۆ داڕشتن و جێبەجێکردنی رێکارەکانی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان، بۆ دابینکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان ئێران و عێراق بە شێوەیەکی گشتی و ئێران و هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی تایبەتی".
 
نێچیرڤان بارزانی: ئێران دۆستی رۆژە سەختەکانە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان
 
لە راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ئاماژە بە قسەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا کراوە و دەڵێت: "نێچێرڤان بارزانی خۆشحاڵی خۆی بە دیداری دووبارەی لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی دەربڕی و رایگەیاند، هاوبەشییە ئایینی، مێژوویی و کولتوورییەکان، بە درێژایی چەندین ساڵی دراوسێیەتیدا، پەیوەندییەکی قووڵی لە نێوان هەر دوو لایەن دروستکردووە".
 
بەپێی هەمان راگەیێندراو، سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی گرنگیی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستانی کردووە و کۆماری ئێسلامیی ئێرانی وەک "دۆستی رۆژە سەختەکان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان" ناوزەند کردووە: "سنوورەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان تەنانەت لە سەردەمی کۆرۆناشدا دانەخران. چاوەڕوانیمان لە ئێران ئەوەیە کە بەردەوام لە تەنیشتمان بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق و بنیاتنانی وڵاتێکی ئاوەدان و پێشکەوتوو. پەیوەندییەکانی رابردوومان جێگەی شانازییە و هەوڵەکانمان بۆ ئەوەیە داهاتوویەکی گەشاوەتر و باشترە لە رابردوو بنیات بنێین."
 
سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەروەها دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی لەو کۆبوونەوەیدا بە ئیبراهیم رەئیسیی گوتووە: "بناخەی عێراقی نوێ و پەیوەندییەکانی ئەمڕۆی نێوان ئێران و عێراق دەرئەنجامی هاوکارییە دڵخۆشکەرەکانی ئێران و عێراقن، هەر بۆیە ئێران بۆ ئێمە تەنیا بریتی نییە لە دراوسێیەک. ئەگەر شۆڕشی ئیسلامی و کۆماری ئیسلامی نەبووایە، دیار نەبوو ئەمڕۆ چارەنووسی بزووتنەوەی کورد چی دەبوو. رێزگرتن لەم هاوکاری و پەیوەندییانە هێڵێکی سوورە کە هەرگیز نابەزێندرێن".

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ساتی هەڵدانی مووشەکی ئێرانی.

سوپای پاسداران هێرشێکی بەرفراوانی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا راگەیاند

سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە چوارچێوەی گەڕی 44ـەمینی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راستگۆی 4" بە درووشمی "یا شدید العقاب"، بە لێشاوی مووشەکی "خەیبەرشکن" کە کێشی کڵاوە جەنگییەکانیان یەک تۆنە، چەندین ئامانجیان لە نێو خاکی ئیسرائیل پێکاوە. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ناوچەکانی تەلئەڤیڤ، قودسی رۆژئاوا و ئیلات کراونەتە ئامانج.