رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، هیچ وڵاتێک ناتوانێت بە هێرشی سەربازی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران لەنێوببات، ئەوەش دوای ئەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئێرانیان کرد.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی هەینی لە پەراوێزی کۆبوونەوەی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی لە جەدەی سعودیە گوتی، "ناتوانرێت بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەنێوببرێت، ئەمە تەکنەلۆجیایەکە بەدەستمان هێناوە. تەکنەلۆجیاکە لە مێشکی خەڵکدایە و ناتوانرێت بۆردوومان بکرێت."
وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری بە ئیسرائیل دەدات و دەڵێت، هەر هێرشێکی ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی ئاگرێکی بەرفراوان "لە تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست."
عێراقچی گوتیشی، "ئیسرائیلییەکان خۆیان دەزانن هەر کارێک دژی ئێران، کارێکی هاوشێوە دژی ئیسرائیلی بەدوادا دێت. بڕوام وایە ئەگەر هێرش بکرێتە سەر ئێران، ئەو هێرشە دەگۆڕدرێت بۆ ئاگرێکی بەرفراوان لە ناوچەکەدا."
لەبارەی پەیوەندییەکانی تاران و واشنتن، وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی، "تاوەکو سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار و هەڕەشەکانی ئەمریکا بەردەوام بن، دانوستاندنی راستەوخۆی لەگەڵ ناکەین."
هەر ئەمڕۆ هەینی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ناردووە، تێیدا داوای کردووە دانوستاندن لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی وڵاتەکەی بکەن.
بەڵام نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان رەتیکردەوە هیچ نامەیەکیان لە ترەمپەوە پێ گەیشتبێت. نێردەی دیپلۆماسیی ئێران رایگەیاند، "ئێمە هیچ نامەیەکمان پێ نەگەیشتووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ