HRW: پێویستە لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر قوتابخانەی میناب بکرێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ (HRW) لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، هێرشی سەر قوتابخانەی میناب لە ئێران "هێرشێکی نایاساییە" و پێویستە وەکو "تاوانی جەنگ" لێکۆڵینەوە لێبکرێت. 
 
رۆژی 7ی ئاداری 2026، رێکخراوەکە لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، "یاساکانی جەنگ هێرشکردن قەدەخە دەکەن، ئەگەر زیانی پێشبینیکراو بۆ سەر مەدەنییەکان و پێگە مەدەنییەکان ناگونجاو بێت لەچاو ئەو دەستکەوتە سەربازییەی، کە لە هێرشەکە چاوەڕوان دەکرێت."
 
دەشڵێت، "دەبێت ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل دەستبەجێ هەڵسەنگاندن بۆ بەرپرسیارێتی خۆیان لەم هێرشەدا بکەن و ئەنجامەکان بۆ رای گشتی بڵاو بکەنەوە. دەبێت لایەنی بەرپرس بە تەواوی روونکردنەوە لەسەر زیانە مەدەنییەکان بدات و لێپرسینەوە لەو کەسانە بکات کە بەرپرسیارن، لەنێویاندا دادگاییکردنی هەر کەسێک کە بەرپرس بێت لە تاوانەکانی جەنگ."
 
رۆژی 28ی شوباتی ئەمساڵ، لە یەکەم رۆژی دەستپێکی جەنگدا، قوتابخانەیەکی کچان لە شاری مینابی باشووری ئێران بۆردوومان کرا. عەلی بەحرەینی، باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، لەو هێرشەدا زیاتر لە 150 قوتابی کوژراون.
 
حکومەتی ئێران ئیسرائیل و ئەمریکای بە بۆردوومانکردنی قوتابخانەکە تۆمەتبار کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا نە واشنتن و نە تەلئەڤیڤ بە فەرمی بەرپرسیارێتیی هێرشەکەیان نەگرتووەتە ئەستۆ، بەڵام مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی دووشەممە رایگەیاند؛ پێنتاگۆن خەریکی لێکۆڵینەوەیە لە رووداوەکە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئایا هێزەکانی ئەمریکا تێیدا تێوەگلاون یاخود نا.
 
گوتەبێژێکی سوپای ئیسرائیل بە رێکخراوەکەی راگەیاندووە، ئاگادار نین "هیچ بۆردوومانێکی سوپای ئیسرائیل لەو ناوچەیەدا هەبووبێت". 
 
رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بەوەش کردووە، دوای لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە بۆیان دەرکەوتووە، کە بۆردوومانەکە بە "مەبەست" و بە "بۆمب و تەقەمەنی" زۆر پێشکەوتوو کراوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە