عەلی لاریجانی: ئەمریکا ویستی کورد دژی ئێمە هانبدات، بەڵام سەرینەگرت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەبەرد حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، رایگەیاند، "کورد بە پلانی ئەمریکا فریونەدراوە بۆ بەکارهێنانیان لە جەنگدا.'' وەکو نەتەوەیەکی رەسەن و دێرینی ئێرانیش ناوی کورد دێنێت و دەڵێ، "نەتەوەیەکی زۆر رەسەن و ریشەدارن لە ئێران.''
 
لاریجانی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی باسی 8 رۆژەی جەنگی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل  کرد و رایگەیاند، "ئەمریکییەکان وایان دەزانی ئێران وەکو هەندێک وڵاتی دیکە بە گورزێک دادەڕمێت، بەڵام لە کردەوەدا قاچیان لەم جەنگەدا گیری خوارد.''
 
لاریجانی: ئامانج دابەشکردنی ئێرانە
 
لاریجانی دەڵێ، "بۆ تێگەیشتنێکی ورد لە دۆخی ئێستا، پێویستە روانگەیەکی گشتگیرترمان بۆ ئەم جەنگە هەبێت و بزانین ئامانجی سەرەکیی دووژمن لە دەستپێکردنی ئەم پێکدادانە چی بووە."
 
راشیگەیاند، "لە رۆژانی رابردوودا ترەمپ و هاوڕێکانی، هەروەها زایۆنییەکان و هەندێک ئەکتەری هەرێمی، لە نێو قسەکانیاندا بە راشکاوی ئایدیا و ئامانجە سەرەکییەکانی خۆیان خستەڕوو. ئامانجی سەرەکییان لە راستیدا هەڵوەشاندنەوەی ئێران بوو."
 
بەڵام بەرپرسەکەی ئێران دەڵێ ئەوان لەوەدا سەرکەوتوو نەبوون، وەکو لاریجانی دەڵێ، "کێشەی ئەوان تەنیا دروستکردنی گۆڕانکارییەکی بچووک لە ئێراندا نەبوو، بەڵکو لە روانگەی ئیسرائیلەوە بۆ وڵاتێکی گەورەی وەکو ئێران، شتێکی وا لە بنەڕەتدا هیچ مانایەکی نییە، مەبەستیان دابەشکردنی ئێرانە و کێشەیان لەگەڵ خودی وڵات هەیە.''
 
هەڵوێستی ئێران لەبارەی کورد
 
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران،لەبارەی دەنگۆی بەشداریپێکردنی کورد لەو جەنگەدا دەڵێ، "پلانێکی دیکەیان ئەوەبوو، هەوڵیان دا بۆ هاندانی هەندێک لە نەتەوەکان و رەخساندنی زەمینە بۆ جووداخوازی لە وڵاتدا.''
 
ئەو نموونە بە کورد دێنێتەوە و دەڵێ، "هەوڵیاندا لەگەڵ هەندێک گرووپ لە ناوچە کوردنشینەکان پەیوەندی دروست بکەن و هانیان بدەن بۆ ئەوەی دژی دەسەڵات هەنگاو بنێن."
 
لاریجانی باسی کورد دەکات وەکو نەتەوەیەکی رەسەن و دێرین لە ئێران ناویان دێنێت و دەڵێت:" رەنگە بە درێژایی کات ناکۆکی هەبووبێت، بەڵام ئەم گەلانە باش دەزانن ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە، لەنێویاندا سووریا، چ رەفتارێکی هەبووە و هەر بۆیەش فریونەدران بەو پلانە.''
 
لاریجانی بەشداری کورد بە سیناریۆیەکی سەرنەکەوتوو ناودێنێت و دەڵێ، "هەندێک بەرپرسی ئەمریکی تەنانەت پەیوەندییان بە هەندێک لەو گرووپانەوە کرد و بەڵێنی پشتیوانییان پێدان، بەڵام بۆ زۆر کەس روون بوو ئەو بەڵێنانە فریودەرانەن و ئەو سیناریۆیەش سەرینەگرت."
 
تویتی ترەمپ و کوشتنی عەلی خامنەیی
 
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران،لەبارەی کوژرانی خامنەیی و دۆخی وڵاتەکەی رایگەیاند، "ئەوان هەر لە سەرەتاوە بە هێرشێکی بەرفراوان دەستیانپێکرد کە لووتکەکەی شەهیدکردنی ئیمام خامنەیی و ژمارەیەک لە فەرماندەکان و رۆڵەکانی لە هێزە چەکدارەکاندا بوو."
 
ئەو دۆخی وڵاتەکەی لە رۆژی یەکەمی جەنگ بە 'خەمی قووڵ' و 'بەرزی ورە' ناودێنێت و دەڵێ، "ئاساییە کە لەو دۆخەدا جۆرێک لە خەمی قووڵ و لە هەمانکاتدا ورەیەکی حەماسی لە وڵاتدا دروستبوو."
 
وەکو ئەو دەڵێت، "ئەم دوو هەستە، واتە خەمی گەورە و ورەی خەڵك، کەشوهەوایەکی تایبەتیان لە نێو خەڵکی ئێراندا دروستکرد؛ دۆخێک رەنگە دووژمن پێیوابووبێت دەتوانێت بۆ دروستکردنی شۆک لە کۆمەڵگەدا بەکاریبهێنێت."
 
بەرپرسەکەی ئێران باسی تویتێکی نوێی ترەمپ دەکات و دەڵێ، "تەنانەت لەو توویتەی ئەمڕۆ ترەمپ بڵاویکردەوە، بانگەشەی ئەوەی کردبوو ئێران خەریکە پارچەپارچە دەبێت، ئەمە ئەوە دەردەخات کە ئامانجی سەرەکییان هەر لە سەرەتاوە دروستکردنی دۆخێک بووە بۆ دابەشکردنی ئێران."
 
 بە بڕوای ئەو ئەمریکا ئێرانی نەناسیوە ئەوان پێیانوایە هەمان ئەو مۆدێلانەی لە هەندێک وڵات وەکو ڤەنزوێلا تاقییان کردووەتەوە، لە ئێرانیش دەکرێت دووبارە بکرێنەوە، لە کاتێکدا لێرە بیرکردنەوە و دۆخەکە بە تەواوی جیاوازە.
 
ئەو قسانەی لاریجانی لەکاتێکدایە ترەمپ و بەرپرسانی دیکەی ئەمریکا جەخت لە بەردەوامی بۆردوومان و هێرشکردنە سەر ئێران دەکەنەوە.
 
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، دەڵێت، "ئەوان دەیانویست بە دروستکردنی شۆکێکی قورس، ورەی خەڵکی ئێران تێکبشکێنن، بەڵام ئەمە رووینەدا؛ چونکە گەلی ئێران ئەزموونی مێژوویی و کولتووریی قووڵی هەیە." 
 
بە بڕوای لاریڤانی  ستراتیجی ئەمریکا ئەوە بوو کە سەرەتا بە گورزێکی قورس و کوشتنی  رێبەری ئێران و فەرماندە سەربازییەکان، پێکهاتەی کارگێڕی و حکومیی ئێران تووشی پشێوی بکەن، ئەوان پێیانوابوو ئەم پرۆسەیە زۆر بە خێرایی روودەدات و جەنگێکی کورت بەڵام تووند دروست دەبێت.
 
دۆناڵد ترەمپ رۆژی سێشەممەی رابردوو 3-3-2026 رایگەیاند، "لە یەکەم لێدان لەنێو ئێران 49 سەرکردە و بەرپرسی ئێرانمان کوشت.''
بەرپرسەکەی ئێران باسی دۆخی خەڵکیش دەکات و دەڵێت، "ئەوان (ئەمریکا و ئیسرائیل) چاوەڕێی ئەوە بوون دۆخی ژیانی خەڵک تێکبچێت؛ وایان دەزانی سووتەمەنی، خۆراک و پێداویستییەکان ناگاتە دەستی خەڵک و قەیران لە وڵاتدا دروست دەبێت."
 
بەڵام کارەکانی حکومەتی وڵاتەکەی بە سەرکەوتوو ناودەبات و دەڵێت، "حکومەت و وەزیرەکان هەوڵێکی بەرفراوانیاندا و توانییان پێداویستییەکانی خەڵک دابین بکەن. سەرەڕای زیادبوونی بەرچاوی گەشتەکان لە رۆژانی یەکەمی شەڕدا، بەنزینی پێویستی خەڵک دابین کرا و هیچ کەموکوڕییەک لەم بوارەدا دروست نەبوو."
 
لاریجانی ئاماژەی بە قسەکانی هەفتەی رابردووی ترەمپ کرد کاتێک گوتی، "ژمارەیەک فەرماندە سەربازییەکان دەیانەوێت چەک دابنێن و واز بێنن .''  ئەو دەڵێت:"فەرماندەکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران بە ئازایەتی و قارەمانێتییەوە سەرقاڵی بەرگری و شەڕکردنن.''
 
لاریجانی ئەو قسانە بە شەڕی دەروونی دادەنێت و دەڵێت، "زیاتر رەهەندی شەڕی دەروونییان هەبوو، تەنانەت لە هەندێک حاڵەتدا بۆ بڵاوکردنەوەی گێڕانەوەی لەم شێوەیە، ئامرازەکانی زیرەکیی دەستکرد بەکارهێنراون."
 
'شەڕ کاریگەری لەسەر خەڵک هەیە'
 
بەرپرسەکەی ئێران نایشارێتەوە شەڕ بە شێوەیەکی سرووشتی کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵک دادەنێت و کار و کاسبییەکان پەکیان دەکەوێت دادەخرێن، بەڵام  ئەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل چاوەڕێیان دەکرد، لە  دروستبوونی کەموکوڕیی بەرفراوان و ناڕەزایەتیی گشتی، بەدی نەهات.
 
ئەو نموونە بە هێرشکردنە سەر قوتابخانەکان دێنێتەوە و دەڵێت، "هێرشکردنە سەر قوتابخانەکان، لەوانەش قوتابخانەیەکی کچان، یان بەئامانجگرتنی ناوەندە تەندروستییەکان و نەخۆشخانەکان، لەو کارانە بوون لەو چوارچێوەیەدا کراون.''
 
بە بڕوای بەرپرسەکەی ئێران رەنگە لەنێوخۆی ئێراندا جیاوازی بۆچوون هەبێ، بەڵام "ئێرانییەکان لە کۆتاییدا هەر ئێرانیین و لە پرسێکی وەکو دابەشکردنی ئێراندا، هاوکاریی هیچ هێزێکی دەرەکی ناکەن."
 
ئەو نموونە بە دۆخی عێراق و ئەفغانستان دێنێتەوە و دەڵێت، "گەلی ئێران ئەزموونی دەستوەردانەکانی ئەمریکای لە ناوچەکەدا بینیوە؛ دەستوەردان لە عێراق، ئەفغانستان و وڵاتانی دیکە لەبەرچاوی گەلانی ناوچەکە بووە و هەمووان دەزانن ئەو هەنگاوانە لەبەر دڵسۆزی بۆ خەڵک نەبووە، بەڵکو بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان بووە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە